یەکێتیی ئەورووپا تیمێک بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان رەوانەی عێراق دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-09-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

  لە وەڵامی داواکاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریدا بە ناردنی تێمێک بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسنگەی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش بڵاوکراوەتەوە، تیمە ئەورووپییەکە چاودێری هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو تیمە لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دێت.

ئاماژە بەوەشدراوە کە ڤیولا ڤۆن کرامۆن تۆبادیل لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک سەرۆکی تیمەکە دیاریی کراوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت.