ھەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) لە نێوان بەرژەوەندیی گەل و داخوازیی كەسیدا

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

محەمەد عەلی

لە ماوەی  ڕابردوودا لە میانەی ڕاسپاردنی (محەمەد تۆفیق عەلاوی) بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كۆمەڵێك لێكدانەوە و شرۆڤەی ناواقیعی بۆ ھەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) كراون، بەوەی كە گوایە ئەم ھەڵوێستە لەسەر ئارەزووی كەسی بینا كراوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە ڕابردوودا بنەمای ھەڵوێستەكانی، تەنھا و تەنھا مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كورد و پاراستنی پێگەی كورد و بەرگریكردن بووە لەو تروسكاییە كەمەی دیموكراسییەت لە عێراقدا.

لە سەرەتای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا، ھەڵوێستەكانی سەرۆك ڕوون بوون، لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقیشدا ڕێگری كرد لە ھەوڵەكان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و، سەركەوتوو بوو لە دانانی بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، هەروەها پێداگری كرد لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كورد، دواتر شكستپێھێنانی ھەوڵی بەفیدراڵیكردنی عێراق لەسەر بنەمای پارێزگا، دابینكردنی ڕێژەی پێویست لە بودجەی عێراق بۆ ھەرێم، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەبووە لەسەر پێشكەوتنی ھەرێمی كوردستان، لە ھەمان كاتدا ھەموو پۆستێكی لە بەغدا رەت كردەوە.

كاتێك كابینەكەی (نووری مالیكی) لە عێراق بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بەردەوام بوو، كێشەی قووڵ ھەبوو لە نێوان ھەرێم و بەغدا، كە ژمارەیەك كەس و لایەن دەیانویست وەك كێشەیەكی كەسیی نێوان سەرۆك و مالیكی وێنای بكەن، بەڵام دواتر ھەڵوێستەكانی مالیكی سەلماندی كەسێكی چەندە شۆڤێنییە بەرامبەر بە كورد، لە دروستكردنی قیادەی عەملیاتی دیجلە لە كەركووك و كۆكردنەوەی ھێز و چەكێكی زۆر لە مووسڵ، كە بەردەوام ھەڕەشەی دەكرد بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم، دواتر بڕینی بودجە و قوتی ھەرێم، ھەر ئەوەندەش نا بۆ خستنەمەترسیی ھەرێم سێ فەیلەقی پڕچەكی پێشكەشی داعش كرد بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر ھەرێم، كە دواجار ھەرواش دەرچوو و داعش بە ھەمان چەك ھێرشی كردە سەر ھەرێم.

هاوكات ھەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) بەرامبەر (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیری پێشوو، جگە لەوەی بە ھۆی ھەڵوێستە دژەكانی بوو بەرامبەر بە كورد، لە بەردەوامیدان بە بڕینی بودجەی ھەرێم و هەروەها شایستە داراییەكانی جووتیارانیشی خستە سەر، جگە لەمە لە ١٦ی ئۆكتۆبەر لە بەعسیش زیاتر ڕۆیشت و ویستی بە ھاوكاریی وڵاتانی ھەرێمی ئیدی شتێك بە ناوی كورد نەمێنێ، كاتێكیش سەركەوتوو نەبوو، ئابڵووقەیەكی خنكێنەری ئاسمانی و زەمینیی خستە سەر ھەرێم، كە تا دواساتەكانی لە دەسەڵات پاڵپشتیی دووبارە تەعریب و دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردی كرد.

لە بەرامبەریشدا بوونی پەیوەندیی دۆستانە و ھەماھەنگیی باش لەگەڵ خودی سەرۆكوەزیر (عادل عەبدولمەھدی) ھەمان بنەما بوو، ئەویش بەرژەوەندیی گەلە، لە یەكەم ھەنگاویشیدا بەشێكی بودجەی ھەرێمی نارد و ھەموو ئامادەییەكی دەڕبری بۆ چارەسەركردنی گشت كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، دواجار لێكەوتەی ئەم نزیكبوونەوەیە، جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی ھێنایە كایەوە، كە بە دڵی زۆرێك لەو كوتلە سیاسییانە نەبوو كە لە دەرەوەی عێراقەوە ئاراستە دەكرێن، بۆیە بە ھەموو ھێزیانەوە كەوتنە دژایەتیكردنی كابینەكەی و لە كۆتاییدا بە تێكەڵكردنی كۆمەڵێك كارتی فشار، سەرۆكوەزیریان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد.

كۆتا ھەڵوێستیش بەرامبەر (محەمەد عەلاوی) ڕاسپێردراو بۆ كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، بۆ كۆمەلێك ھۆكار دەگەڕێتەوە، سەرەتا نەبوونی ھیچ ئاماژەیەك بوو بۆ مافەكانی گەلی كورد لە بەرنامە وەزارییەكەیدا، دواتر بە ناوی ھەڵبژاردنی كەسانی سەربەخۆ دەیویست ھەرێـم و كیانە دەستوورییەكەی فەرامۆش بكات، لە كاتێكدا خۆی كاندیدی كوتلەیەكی سیاسیی دیاریكراوە و رەت كراوەتەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، دواتر بە كۆبوونەوە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك دەیەویست جیاوازی و دابەشبوون لە نێو ریزەكانی كورددا دروست بكات، لە كۆتاییشدا نەبوونی كۆدەنگیی پێكھاتەكان و شكستی پەرلەمان لە دەنگدان بە كابینەكەی، دروستیی بۆچوونی كورد و (سەرۆك بارزانی) لەبارەی ناشیاویی ئەم بەڕێزە بۆ پێكھێنانی كابینەی داھاتوو پشتڕاست كردەوە.