تاڵیبان جێگری وەزیرەکانی دیاریکرد بەبێ ئەوەی یەک ژنیشی تیادا بێت 

دوا نوێکردنەوە: 2021-09-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە لیستێکی جێگری وەزیرەکانی ڕاگەیاند، و تەنانەت یەک ژنیشی بۆ ئەو پۆستانە دیاری نەکردووە سەرەڕای ناڕەزایی نێودەوڵەتی کاتێک لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەنیا پیاوانیان پێشکەش بە وەزیرەکانی کابینەکەیان کرد.  لیستەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، لەلایەن وتەبێژی حکومەتەوە زەبیحوڵا موجاهید پێشکەشکرا.  لیستی جێگرانی وەزیرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریان لەسەر تاڵیبان نەبووە و سەرەڕای بەڵێنە سەرەتاییەکانیان گشتگیریکردن و پشتگیریکردن لە مافەکانی ژنان، ئەوان رەوتی توندڕەوی خۆیان زیاتر پیادەکردووە.  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداریداوە کە تاڵیبان لەڕێی کردەوەکانیانەوە هەڵدەسەنگێنرێن و ناساندنی حکومەتێک بە سەرۆکایەتی تاڵیبان پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەی لەگەڵ ژنان و کەمینەکانەوە دەبێت. لەکاتێکدا لەسەروەختی حوکمی پێشووی ئەفغانستاندا لە کۆتایی نەوەدەکاندا، تاڵیبان قەدەغەی کار و ژیانی گشتی کرد لە کچان و ژنان لە قوتابخانە و کارکردن لەشوێنە گشتییەکاندا.  تاڵیبان حکومەتی ئێستای خۆی وەک حکومەتێکی کاتی ئامادەکردووە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە هێشتا دەکارێ گۆڕانکاریی دروست بێت، بەڵام باسیان لەوە نەکردووە کە ئایا ڕۆژێک هەڵبژاردن دەکرێت یان نا.  لە وەڵامی پرسیارەکاندا، موجاهید بەرگری لە فراوانکردنی پێکهاتەی کابینە وەزارییەکەی کردو وتی؛ ئەندامانی کەمینە نەتەوەییەکانی وەک هەزارە دەگرێتەوە و دواتر ژنان زیاد دەکرێن.