دیندار دۆسكی: دانانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە بێ كورد سەر ناگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەپێی زانیارییەكان، دیاریكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نزیك بووەتەوە، وەزیرێكی پێشووی حكوومەتی عێراقیش پێی وایە، كورد رۆڵی لە حكوومەتی نوێدا دەبێت و ناشیشارێتەوە رەوشەكە زۆرتر دەخایەنێت. 

دیاریكردنی سەرۆكوەزیران

دوای ئەوەی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشكەش بە پەرلەمان دەكات و رۆژی دواتر دەستی لە كار كێشایەوە، ئێستا حكوومەتی عێراق بووەتە حكوومەتی كاربەڕێكەر و لە چاوەڕوانیی سەرۆكوەزیرانێكی نوێدایە.

دیندار دۆسكی، وەزیری پێشووی حكوومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كارێكی ئاسان نییە و ئەستەمە لە عێراق كەسێك بەو مەرجانەی خۆپیشاندەران و مەرجەعیەت دەیانەوێ بۆ سەرۆكوەزیران دەست بكەوێت، چونكە دەیانەوێت كەسێكی بێلایەن بێت و پێشتر تاقی نەكرابێتەوە".

بەپێی دەستووری عێراق، دوای نەمانی سەرۆكوەزیران بە ھەر ھۆكارێك بێت، لە ماوەی پازدە رۆژدا گەورەترین كوتلە لەلایەن سەرۆككۆمارەوە رادەستپێردرێت بۆ دیاریكردنی كاندیدێك و لە ماوەی یەك مانگدا پێویستە كابینەی نوێ رابگەیەندرێت،  ئەو وەزیرەی پێشووی عێراق گوتی" پێموایە ئەو ماوەیە بەسەر دەچێت و ھیچ كاندیدێك توانای پێكھێنانی حكوومەتی نابێت، بەوەش عێراق دەكەوێتە نێو بوشایی یاساییەوە.

سیناریۆی دانانی سەرۆكوەزیران

بەپێی دەستوور بێت، ئەركی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە حكوومەتی نوێ پێك بێنێ، بەڵام كوتلەی سائیروون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، كە خۆیان بە لایەنگری خۆپیشاندەرانی عێراق دەزانن، لەو مافەی خۆیان خۆش بوونە و رەتیان كردووەتەوە ھیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكەن.

لایەنە باڵادەستەكانی شیعە و سەرۆككۆماری عێراقیش، ھەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ، پێشتر زۆر ناو دەھاتن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، بەڵام لە ئێستادا  بەپێی زانیارییەكان، محەمەد شەیاع سوودانی، دەیەوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران خۆی كاندید بكات.

دۆسكی بە دووری زانی  ئەو سیناریۆیە سەر بگرێت و گوتی: "محەمەد سوودانی ھاوڕێمە و چەند ساڵێك پێكەوە كارمان كردووە، ئەو كەسێكی بەڕێزە، لەگەڵ ئەوەشدا بێلایەنیش نییە، چونكە سەر بە حزبەكەی نووری مالیكییە و پێشتریش پەرلەمانتار و وەزیری حكوومەتی عێراق بووە، دواتر خۆپیشاندەران كەسێكی بێلایەن و هەروەها پێشتر تاقینەكراوەیان دەوێت، خۆ سوودانی دەمێكە تاقی كراوەتەوە، ئەگەر بیسەپێنن ئەوە خۆپیشانده‌ران ئامادە نین دەست لە خۆپیشاندانەكانیان ھەڵبگرن".

رۆڵی كورد لە دانانی سەرۆكوەزیراندا

ھەر لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق، ھەڵوێستی كورد دیار بووە، لەگەڵ خۆپیشاندانی ھێمنانە و جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران بووە، بەڵام مەترسیی خۆشیان لە تێكچوونی رەوشەكە نەشاردووەتەوە و چەندین جار ھەرێمی كوردستان ھۆشداریی ئاڵۆزبوونی رەوشەكەی داوە.

دیندار دۆسكی روونی كردەوە: "كورد پێگەیەكی بەھێزی ھەیە لە عێراق و ناوچەكەدا، لەبەر ئەوەش بەبێ رۆڵی كورد دانانی سەرۆكوەزیران سەرناگرێت، لەوانەیە لە پەرلەمان بە دەنگدان كوردیش ناڕازی بێت تێیپەڕێنن، بەڵام پشتگوێخستنی كورد لە پرسێكی وەھا گرینگدا ئەستمە سەر بگرێت، بە دیدی من كورد ھەمیشە بەشێكی گرینگ دەبێت لە حكوومەتی عێراق و پەراوێزخستنیشی، زیان بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دەگەیەنێت".

 

قائید میرۆ