وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: دەر‌باره‌ی مه‌ترسیی داعش ڕوونكردنه‌وه‌مان به‌ هاوپه‌یمانان داوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-   به‌رپرسی ده‌زگای ڕۆشنبیری و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ییی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، کە له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌م نه‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ پێنتاگۆن نیازێكی له‌و شێوه‌ی هه‌یه‌.

لە ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی سەربازیی ئەمەریكادا بۆ ساڵی 2021 كە ئەم مانگە دەرچووە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كەم كردووەتەوە.

لیوا بابه‌كر فه‌قێ ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ده‌زگای ڕۆشنبیر و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ییی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "به‌ڵێ كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌رنامه‌ی ئه‌مه‌ریكایه،‌ هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌كاری هه‌یه بۆ ئەوەی‌ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام كه‌م كردنه‌وه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌بووه،‌ ته‌نیا بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی دراوه‌، به‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌ نێوان شاندی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا و كوردستاندا ده‌كرێت".

گوتیشی: "به‌ئاشكرا به‌ شاندی ئه‌مه‌ریكامان گوتووه‌ كه‌ داعش هەر ماون و خۆیان ڕێك خستووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دیاله‌ و كه‌ركووك و مووسڵ، كه‌ سودیان له‌و شوێنانه‌ وه‌رگرتووه‌ و بۆشاییی ئه‌منی هه‌یه‌".

به‌پێی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی پینتاگۆن لە ساڵی 2021دا چی دی ئەو پارەیە بە وەزارەتی پێشمەرگە نادرێ، لە كاتێكدا لە بودجەی سەربازیی 2019دا بڕی 290 ملیۆن دۆلار و لە 2020دا بڕی 126 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخان كرابوو.

بابه‌كر فه‌قێ ڕایشیگه‌یاند: "كاری ئێمه‌ نییه‌ بڕیاری هاوكاریه‌كان ئاشكرا بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ پلانه‌، به‌ڵام وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داكۆكی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین کە ئه‌و پاره‌ كه‌م نه‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ پێویستی به‌ هاوكاریی زیاتره‌ و ئه‌مه‌ بۆ شاندی ئه‌مه‌ریكا خراوه‌ته ڕوو."

ده‌شڵێت: "زیاتر خاڵه‌كانی مه‌شق و ڕاهێنان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌و خاڵه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌".

کارزان هەورامی