مه‌حموود عوسمان: ئه‌م جاره‌ یه‌كگرتووییی كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر گرنگ بوو

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێ، پێویسته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو وه‌كو محه‌مه‌د عه‌لاوی نه‌بێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌ویش وه‌كو ئه‌وی لێ دێت و پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كان وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌ت كورد و سوننه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ كورد كردی كه‌ یه‌كگرتوو بوو به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر گرنگ بوو، چونكه‌ ته‌نها به‌ یه‌كگرتوویی ده‌توانن داواكارییه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن. په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ده‌ڵێ، كورد به‌ یه‌كگرتوویی ده‌توانێ هێزی خۆی پێشان بدات و به‌هێز به‌دیار بكه‌وێت، وه‌كو ئه‌م جاره‌ كه‌ نه‌یانتوانی بێ كورد حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد یه‌كهه‌ڵوێست بوو.

سیاسه‌تمه‌داری كورد، د. مه‌حموود عوسمان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی شكستی هێنا و نه‌یتوانی حكوومه‌ت پێک بێنێت،پێویسته‌ كه‌سێكی دیكه‌ له ‌شوێنی ئه‌و دیاری بكرێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كاندید ده‌كرێت كه‌سێكی شایسته‌ بێت و وه‌كو عه‌لاوی نه‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان و شه‌قام قسه‌ بكات و ڕای ئه‌وان وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی چی بكات و چی نه‌كات، بۆیه‌ بێ كورد و سوننه‌ ناتوانێ حكوومه‌ت پێک بێنێت، بۆیه‌ من یه‌كه‌م جار باسم له‌وه‌ كرد سه‌ركه‌وتوو نابێت و باش بوو له‌كۆڵمان بووەوە."

د. مه‌حموود عوسمان گوتیشی: "ئه‌وەی ئه‌م جاره‌ كورد كردی و له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا یه‌كگرتوو بوون، كارێكی زۆر باش بوو و به‌وجۆره‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌ستكه‌وت بۆ گه‌لی كورد به‌ده‌ست بێنن، چونكه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مان داواكاریی هه‌یه‌ كه‌ یه‌كگرتوو بن و به‌ یه‌كگرتوویی ده‌توانن داواكارییه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن."

ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، دانا جه‌زا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: : "كورد ئه‌م جاره‌ توانی فشارێكی به‌هێز بكات و فشاره‌كانیشی نیشانی دا کە بێ كورد نا‌توانن حكوومه‌ت پێک بێنن و هه‌موو شیعه‌كان له‌گه‌ڵ سوننه‌كانیش نا‌توانن كورد پشتگوێ بخه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر زۆر گرنگ بوو و پێویست بوو له ‌ماوه‌ی پێشووتریش بكرێت و ڕاسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ململانێی سیاسی هه‌یه‌ و شتێكی ئاساییه‌ و كیبركێ بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌گوێزینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، چونكه‌ ئامانجی ئێمه‌ له ‌به‌غدا جیا‌ له‌گه‌ڵ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان."

دانا جه‌زا گوتیشی: "گرنگه‌ هه‌موو كوتله‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كورد یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كده‌نگ بێن له‌وێ به‌ چاوی هێزه‌وه‌ سه‌یری كوتلەکانی كورد و كورد به‌گشتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كده‌نگ نه‌بین، بێهێزیی كورد نیشان ده‌دات."

جه‌زا باسی له‌وه‌ش كرد: "كوتلەکانی‌ شیعه‌ هیچ چاره‌یان نییه‌ و پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 15 ڕۆژه‌دا كه‌سێكی دیكه‌ دیاری بكه‌ن و عێراقیش كه‌سی باشی تێدایه‌، به‌ڵام پێویسته‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د توفیق عه‌لاوی دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ و كه‌سێك بێت ئه‌م جاره‌ پشتگیریی هه‌موو لایه‌كانی له‌گه‌ڵ بێت و شه‌قامیش له‌سه‌ری ڕه‌زامه‌ند بێت و كه‌سێكی قبووڵكراو بێت و به‌ دڵی هه‌مووان هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا هه‌ر كه‌سێك وه‌كو عه‌لاوی بكات، به‌ده‌ردی ئه‌و ده‌چێت."

بڵند ئیبراهیم