دھۆك-KDP.info- دوای ھەماھەنگی و پێداچوونەوە، ئاسانكارییەكی زۆر لە دەرھێنانی پاسپۆرت كراوە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای دھۆكیش دەڵێ، شەش ھەزار پاسپۆرتی چاپكراو ھەیە و خاوەنەكانیان نەھاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان.
عەمید دڵدار نووری، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاسانكارییەكی زۆر كراوە لە دەركردنی پاسپۆرت بۆ ھاووڵاتیان و ھەر ھاووڵاتییەك دەتوانێت لە ماوەی ٧٢ كاتژمێردا پاسپۆرت دەربكات و وەریشی بگرێتەوە، پێشتر كێشەی نەبوونی بەڵگەی پاسپۆرت ھەبوو، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆكوەزیران و وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق دانوستانیان كرد، كێشەكە چارەسەر كرا و لە ئێستادا رۆژانە ژمارەیەكی زۆر پاسپۆرتی بەتاڵ بۆ دھۆك دابین دەكرێن".
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی دھۆك گوتیشی: "كێشەی ئێمە لەگەڵ ھاووڵاتیان ئەوەیە، بۆ دەركردنی پاسپۆرت زۆر بەپەلەن و بەشێك لەوانەش دوای دەرچوونی نایەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان، چونكە لە ئێستادا زیاتر لە شەش ھەزار پاسپۆرت لای ئێمەیە و خاوەنەكانیان نەھاتوون بۆ وەرگرتنەوەیان".
لەبارەی رێژەی ساختەكاریشەوە، عەمید دڵدار جەختی كردەوە: "ساختەكردن زۆر كەمی كردووە و ئەوانەیشی پەنای بۆ دەبەن، لێیان ئاشكرا دەبێت و رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە، ھەر كەسێكیش داواكار بێت بۆ راگرتنی پاسپۆرتەكەی، رادەگیرێت و رێگەی پێنادرێت بۆ بەكارھێنانی تا دادگا یەكلای دەكاتەوە".
قائید میرۆ