هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/3/4 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیکات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان . لەمڕووەوە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:
یەکەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەکی هەموو ئاینەکان ، پاراستنی روح وجەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی ، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن و راگرتنی چالاکیی شوێن وسەنتەرەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، كڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.
دووەم: جەختکردنەوە لە سەر بەردەوامیی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و کەرەنتین و بنکەکانی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنووردارکردنی هاتووچۆ لە بنکە و بازگە و دەروازە سنوورییەکان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی کار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بکات.
چوارەم: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی کە بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەکان دەکەوێت . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک رەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.
پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت.