ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4/3/2020 به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆك، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی به‌شدار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، ئه‌نجام درا.

كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی عێراق دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی فیدرالی عێراق و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت.

سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد بۆ یه‌كهه‌ڵوێستییان له‌ مامه‌ڵه‌كرن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستای عێراقدا و جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پارێزگاری له‌م یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ بكرێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌رك و مافه‌كان پشتگیر و پارێزه‌ری ئه‌م یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ ده‌بێت.

كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر په‌رۆشیی هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق كرده‌وه‌ و هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ری و ده‌ربازكردنی عێراق له‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ و دابینكردنی مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپات كرایه‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌شێك ده‌بن له‌ چاره‌سه‌ر و له‌م پێناوه‌دا هه‌موو توانایه‌ك ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ییی خۆیان دووپات كرده‌وه‌ بۆ چوونه‌ناو پرۆسه‌ی گفتوگۆیه‌كی گشتگیرى نیشتمانیانه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ئاینده‌ به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داوا ڕه‌واكانى تێكڕاى گه‌لى عێراق بێت، تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانى وڵاتى هه‌بێت، ببێته‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دابین بكات.