پارتی پەیامێکی بۆ ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی گەلی کوردستان راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (29)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلی کوردستان پەیامێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

5ی ئادار ساڵوەگەڕی راپەرینی رۆڵەكانی گەلی كوردستانە، لەو رۆژەدا راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان هێز و توانای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكان و پێكهاتە و چین و توێژەكانی دژ بە زوڵم و ستەم و ژێردەستەیی، بەرجەستە كرد، هەروەها راپەڕینی گەلی كوردستان لەسەر هەردوو ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی رووداو و وەرچەرخانێكی مێژوویی گرنگیش بوو، هەربۆیەش گۆڕانكاری گەورەی هێنایە ئاراوە.

راپەرین بەرهەمی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو، كە یەكەمین تروسكەی لە شاری رانیەی سەركەش (دەورازەی راپەرین) داگیرسا، ئینجا رۆژ بەرۆژ شارەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە تا ئازادكردنی شاری كەركوكی دڵی کوردستان دوا سەركەوتنی تۆمار كرد.

پەیامی راپەڕین رەتكردنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوە و ستەمێكی حكومەتە شۆفینیە یەكلەدواییەكەكانی عیراق بوو، هەوێنی بەرخودان بوو دژ بە سیاسەتی لەناوبردن و جینۆساید و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەكەمان، ئەو گەلەی بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەدیهێنانی مافەرەواكانی كۆڵی نەدا و توانی ئەو قۆناغەش ببڕێ لە ساڵی(1992) پەرلەمانێك لە هەموو پێكهاتەكان هەڵبژێرێ و حكومەتێكی نیشتیمانی لە مێژووی هاوچەرخدا پێكبهێنێ.

راپەرینی شكۆداری  5ی ئاداری ساڵی 1991 ، گەلی كوردستانی خستەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێ و چارەنووسساز بۆ بونیاتنانی دوارۆژی خۆی و روبەروبوونەوەی بەربەست و تەحەداكانی، لەو سونگەیەوە هێز و توانای رۆڵەكانی گەلەكەمان و سووربوونی لەسەر بەدەستهێنانی مافەكانی ئەوەی سەلماند، كە ویست و خواست و ئیرادەی گەلەكەمان خاوەن مێژوویەكی پڕ لە شانازییەو دەسكەوتەكانی ئەمڕۆش گەواهیدەری ئەو راستیەن.

بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی حوكمڕانیەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچیوەی ئەو سیستەمە سیاسیە و دامەزراوە شەرعییەكانی كە خۆی لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت دەبینێتەوە، لەپێناو سەقامگیریی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی  بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێم، پارتیمان باوەری وایە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان، زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و هەماهەنگی هێزولایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی بە یەك گوتاری سیاسی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم كاربكەین بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستان و برەودان بە پرۆسەی ئاوەدانی و گەشەپێدان و پاراستنی ئەو دەسكەوتانەی بەدیهاتوون.

لەو بۆنەیەدا وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە سەر جێبەجێكردنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان، بەپێی ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆ لە ئارادایە پێویستە هەوڵ و كۆششەكانمان یەكبخەین بۆ پتەوتركردنی بنەما راست و دروستەكانی حوكمڕانیەتی گەلی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان و چاكتركردنی بژێوی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی گوزەرانیان و چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و زیاتر ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان نیشتیمانی ئارام و ئاسوودەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان بووە بۆ پاراستنی ماف و داخوازییەكانیان..

لەیادی راپەڕیندا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان دادەنوێنین...

دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری 1991، لەشاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تاوەكو كەركووكی دڵی كوردستان..

سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی و سەرفرازی و هەموو ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لەپێناوی نیشتیمانەكەیاندا بەخشی..

سڵاو بۆ پێشمەرگە دلێرەكانی كوردستان..

شكۆدار بێ یادی راپەڕین..

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان