هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و راپەڕین بە وەچەرخانێکی مێژووی بەرامبەر بە ستەم و داگیرکاریی ناودەبات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵ بەسەر راپەڕینی مەزنی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 تێدەپەڕێت. بەم بۆنە شکۆدارەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
راپەڕینی شکۆداری 1991 وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکوڵیکردن لە مافە رەوکانی رەتدەکاتەوە.
راپەڕینی مەزنی ئاداری 1991 ، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستان بوو، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستان و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی 1991ە کە پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین.
ساڵیادی راپەڕینی ئاداری 1991 پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئارام و ئاوەدان بێت.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/5