وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان لە كاتی خۆیدا تەواو بووە

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگاوبان ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارەی تەرخان كردبوو و مۆڵەتی بۆ هەموو پارێزگاكان دانابوو، كە تا ئەمڕۆ هەموو ڕێگاكان نۆژەن بكرێنەوە، تاوەكو ئەمڕۆش ئەو پلانەی دانرابوو، وەكو خۆی و لە كاتی خۆیدا جێبەجێ كراوە و سەرجەم ڕێگاكان نۆژەن كراونەتەوە.

سدقی ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر پارێزگایەك 10 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكان تەرخان كردبوو و مۆڵەتیان پێ درابوو كە تاوەكو 15/12 سەرجەم ڕێگاكان نۆژەن بكرێنەوە، ئەوەی جێی دڵخۆشییە، لە كاتی خۆیدا كارەكەیان تەواو كردووە."

ئامێدی گوتیشی: "تەنها لە چەند شوێنێكی كەم نەبێت، كە ئەویش ناوچە شاخاوییەكانن، كە بەهۆی بەفر و بارانەوە نەتواندراوە تەواو بكرێن و ئەویش لە ماوەیەكی كەمدا تەواو دەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كارەكان لە كاتی خۆیدا تەواو بوونە."

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا كە تاوەكو هاتنی وەرزی باران، سەرجەم ڕێگاكانی هەرێم كوردستان نۆژەن بكرێنەوە و بۆ هەر پارێزگایەك 10 ملیار دیناری تەرخان كردبوو.

 


بڵند ئیبراهیم