هەولێر-KDP.info- بەم دواییە نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) ڕاپۆرتێکی تایبەت بە پلانی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی ڕاگوێزراوان لە عێراق بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئازادکردنی زۆربەی ناوچەکانی بندەستی داعش و نەمانی دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، بەڵام بەشێکی زۆری ڕاگوێزراوان ئامادە نین بگەڕێنەوە و ژیانی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە باشتر دەزانن لە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ڕاپۆرتی (OCHA) و هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ڕاگوێزراواندا گوتی: لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ناوچەکە تا ڕاددەیەک ناسەقامگیرە، وەک بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش و مین و تەقەمەنی و بێبەشبوونی ناوچەکانیان لە خزمەتگوزاریی پێویست، وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا، هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئەم ئاوارانەیە بۆ سەر زێدی خۆیان، تەنانەت بەشێکیان کە کەمپەکانیان جێ هێشتووە دووبارە ژیانی نێو کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە زیاتر گوتی: لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2014، هەرێمی کوردستان زۆرترین ژمارەی ڕاگوێزراوی لەخۆ گرتووە، هاتنی ئەم لێشاوەی ئاوارە و پەنابەران بووە هۆی زیادكردنی دانیشتووانی هەرێم بە ڕێژەی 23%، ئەمەش قورساییەكی زۆری لەسەر هەرێم درووست كردووە لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، سەرەڕای ئەمە حكوومەتی هەرێم شوێنی نیشتەجێبوونی لە كەمپەكاندا بۆیان دابین كردووە، كە ژمارەیان دەگاتە (39) كەمپ بۆ ئاوارە و (9) كەمپ بۆ پەنابەرانی ڕۆژئاوا، حکوومەتی هەرێم (70 %) و نەتەوە یەکگرتووەکان (٢٥ %)ی و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تریش (٥ %)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، هەروەها بەشێکیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
زێباری لەبارەی ژمارەی ڕاگوێزراوانەوە گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ یارمەتێدانی ڕاگوێزراوان، بەپێی دوایین داتا و سەرژمێری کە لە پلانی کاردانەوەی مرۆییی نووسینگەی ڕێکخەری کاروباری مرۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)دا هاتووە تا ئێستا (165,000) ڕاگوێزراو لەو کەمپانەدا دەژین کە حکوومەتی هەرێم دابینی کردوون، لەوانە (135،399) لە دهۆک و (15،981) لە هەولێر و (13,620) لە سلێمانی، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ژمارەیەکی زۆری ڕاگوێزراو لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین، لەوانە (190,000) لە دهۆک و (170,000) لە هەولێر و (120,000) لە سلێمانی. لەلایەکی دیکەوە، نزیکەی (21,000) ڕاگوێزراو لە کەمپە نافەرمییەکاندا دەژین، کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان پێیان کارێکی ئاسان نییە، لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەت و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر مانەوەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و لەم بارەیەوە گوتی: تا ئێستا نزیکەی (٥٠%)ی ئاوارەكانی ناوخۆ و (١٠٠%)ی پەنابەرانی سووری کە دەكاتە نزیكەی یەك ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان درووست كردووە، چونکە بەشێکی زۆریان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە، بۆیە پێویستە حكوومەتی فیدراڵ بە هاوکاریی ڕێکخراو و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەكی زیاتر بەم بابەتە بدات لە دابینکردنی هاوکاری و پێداویستییەکانیان و، زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەیان، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان ناكات، لە هەمان كاتدا بەزۆر هیچیان ناگەڕێنێتەوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ئەوەیشی ئاشکرا کرد: مانەوەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کاتێکی زۆرتری خایاند لەوەی کە پێشبینی دەکرا، پێویستە ڕێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بەگشتی وەک حاڵەتێکی هەمیشەیی، هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکەن، نەک بە شێوەیەکی کاتی، چونکە سەرەڕای مانەوەی ڕاگوێزراوان لە کەمپەکانی هەرێم بەردەوام پەنابەرانی سووری ڕوو لە هەرێم دەکەن، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە، بۆ ئەم مەبەستەش لە شارۆچکەی بەردەڕەش کەمپێکی دیکە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ڕۆژئاوا درووست کراوە و زیاتر لە (٢٠) هەزار پەنابەر لەخۆ دەگرێت.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم: بەم دواییە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەڕەشە لە زۆربەی وڵاتان دەکات، بۆیە داوا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکەین، گرنگی بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بدەن، بەتایبەتی لە کەمپەکان کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ڕاگوێزراو لەخۆ دەگرن و ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشی کارێکی ئاسان نابێت، بۆیە پێویستە هەوڵەکانی هەموو لایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا چڕ بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی ڕاگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە ڕێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە، کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه.