مەم بورهان قانع دژی پرۆژە یاسایەك دەوەستێتەوە كە لەلایەن كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ ئامادەكراوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-15 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، دژی ئەو پرۆژە یاسایە دەوەستمەوە كە كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ گەڵاڵەیانكردوە، كە تایبەتە بە دەرچواندنی یاسایەك بۆ پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان".

مەم بورهان قانع، كە ئەندامی لیژنەی رۆشنبیرییە لە پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان رایگەیاند،"لە ئێستادا، كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ، پڕۆژە یاسایەكیان گەڵاڵەكردوە، كە تایبەتە بە دەرچواندنی یاسایەك بۆ پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان". گومانم نییە لە دڵسۆزیی ئەو مامۆستایانەی بەشداربون لە گەڵاڵەكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەدا، وەكچۆن چەند رۆژێكیش لەمەوبەر لە هەولێر كۆنفڕانس-ێكیان بۆ رێكخستبو، وەك خۆشی نوسیویەتی بۆ مێژو پێنج خاڵی خستۆتەرو كە ئەمانەن

پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان"، بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەبینم بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان هەیە

1- لە ئێستادا، پێكهێنانی "ئەنجومەنی باڵای میدیا لە كوردستان"، بە هەڕەشەیەكی مەترسیداری دەبینم بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، كە لە سایەی "یاسای رۆژنامەگەریی لەكوردستان/ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007"دا فەراهەمبوە(سەرەڕای تێبینیمان لەسەر ئەم یاسایە).

2-ئەگەر ئەنجومەنێكی وەها لە كوردستان دا پێكبهێنرێت، بێگومان لە  دانانی ئەندامانی دەستەی باڵای ئەنجومەنەكەدا، رەچاوی بەشبەشێنەی حزبیی دەكرێـت و بەمەیش ئەنجومەنەكە ناتوانێت پیشەیی بێت و پاسەوانی ئازادیی كاری میدیایی بێت لە كوردستان و ئەجێندای حزبیی بەسەر ئەنجومەنەكەوە زاڵدەبێت.

3- ئەگەر ئەم ئەنجومەنە پێكبهێنرێـت و دەسەڵاتی داخستنی كەناڵی میدیایی پێبدرێت (وەكچۆن چاوەڕواندەكرێت)، ئەوا هەڕەشەیەكی یاسایی مەترسیدار دەبێت بۆ سەر ئەو پەراوێزی ئازادییەی كاری میدیایی لە كوردستان، وەكچۆن لە ئێستادا هیچ دەقێكی یاسایی نییە رێگابدات بە داخستنی كەناڵی میدیایی لە كوردستان. 

4- ئەم پڕۆژە یاسایە، كە لەلایەن ئەو چەند كەسەوە گەڵاڵەكراوە، بۆی هەیە رێژەیەكی هێجگار زۆری لەنێو دانیشتنی پەرلەمان دا دەسكاریی بكرێـت و بەدڵی زۆرینەی پەرلەمانیی تێبپەڕێنرێت (لە حاڵەتێكدا ئەگەر لە "لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان"تێپەڕێنرا)و سەرەنجام ئەو پڕۆژە یاسایە نەبێت، كە ئەو چەند كەسە پێشنیازیان كردوە و دەیانەوێت بۆ پەرلەمانی كوردستان-ی بەرزبكەنەوە، بەڵام ئەوكات پەشیمانیی داڕێژەرانی ئەم پێشنیازە، دادیان نادات و بەرپرسیارێتیی دەرچواندنی یاسایەكی وەها و پێكهێنانی ئەنجومەنێكی لەوشێوەیە، لە ئەستۆی ئەوان دا دەبێت، كە خاوەنی ئەو پێشنیازە یاسایەن.

5- بەشبەحاڵی خۆم وەكو پەرلەمانتارێك و ئەندامێكی "لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگەی مەدەنیی و وەرزش و لاوان" لە پەرلەمانی كوردستان، لە پێناو پاراستنی ئازادیی كاری میدیایی و بەرگرتن لە كۆتوبەندكردنی میدیا، بە ئەركی خۆم و هاوپیشەكانمی دەزانم، دژی هەر پێشنیازە یاسایەكی لەوجۆرە بوەستینەوە، چ لەنێو لیژنەكەمان دا بێت، یاخود لەنێو  دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دا و بۆ ئەمەیش، "لۆبیی" لەدژی دەرچواندنی یاسایەكی لەوجۆرە دروستدەكەم.