ئێران: چاودێری دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ماددەی گوماناوی پێبوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-          

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، بەڵگەیان هەیە لەسەر ئەو چاودێرەی دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، کە بەمدوایانە رێگیری لێکرا سەردانی ناوچە ئەتۆمیەکانی ئێران بکات "ماددەیەکی گوماناوی پێبوە".

عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "چاودێری دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ماددەی گوماناوی پێبوە، ئەوکاتەی ویستویەتی سەردانی ناوچە ئەتۆمیەکانی وڵاتەکەمان بکات، هەر بۆیە رێگری لێکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دەستگیرکردنی چاودێرەکە دەکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە "بێ بنەمایە"، بەهیچ جۆرێک دەستگیرنەکراوە، لەو سەردانەدا چاودێرەکە کەسانی دیپلۆماسی لەگەڵدا بوە، ئەو رێوشوێنانە بەیاسای نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران وتیشی، "کاتێک چاودێرەکان سەردانی وێستگە ئەتۆمیەکان دەکەن پێویستە پشکنیان بۆ بکرێت، ئەوە کارێکی سروشتیە، نەک لە ئێران، بەڵکو هەمو جیهاندا بەو شێوەیەیە".

رونیشیکردەوە، لەکاتی پشکنینی چاودێرەکە دەرکەوتوە کۆمەڵێک ماددەی گوماناوی پێبوە، کاتێک پرسیاری لێکراوە دەربارەی ئەو مادانە، وەڵامێکی بڕواپێکەری نەداوینەتەوە، هەر بۆیە رێگەیان نەداوە بچێتە ناوچە ئەتۆمیەکانەوە".

لە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، ئێران چاودێری دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستگیرکردوە، کە ویستویەتی سەردانی ناوچە ئەتۆمیەکانی ئەو وڵاتە بکات و بەڵگەنامەکانی گەشتکردنیشی لێوەرگرتوەتەوە.