"عێراق بەهۆی گوشاری هەرێمییەوە پاشەکشەی لە ئەندامبوون لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا کرد"

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی -KDP.info- سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو وڵاتەی ناتوانێ خۆی لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕابگرێ، نابێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی خۆی لە سزا بپارێزێت.

دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 1998 لە ڕۆما، پایەتەختی ئیتاڵیا دامەزرا و دواتر لە 2002دا دوای پەسەندکرانی لە لایەن ٦٠ دوڵەتەوە، بە شێوەی فەرمی دەستی بەکار کرد. شوێنی فەرمیی ئەو دادگایە لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندایە، بەڵام لە ھەر شوێنێکی دیکەش دەتوانێت دابنرێت بۆ سزادان و لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و کەسانەی تاوانی جەنگ ‌و کۆمەڵکوژی ‌و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن، بەو مەرجەی ئەو وڵاتەی تاوانەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەندامی ئەو دادگایە بێت. تاکو ئەمڕۆ 121 دەوڵەت ئەندامن ‌و وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا ‌و ڕووسیاش ڕەخنە‌ و تەحەفوزیان لەسەر ئەم جۆرە دادگایە هەیە.

گه‌لی كوردستان له‌ عێراقدا به‌ درێژاییی مێژووی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمه‌ جۆربه‌جۆره‌كان تووشی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید بووەته‌وه‌، كه‌ له ‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی ڕووخاودا ئه‌و تاوانانه‌ گه‌یشتنه‌ ڕاده‌یه‌كی مه‌ترسیداری قڕكردن و کۆمه‌ڵكوژی و كیمیاباران و زینده‌به‌چاڵكردن، له‌ دوای ڕووخانی ئه‌و ڕژێمه‌ش له‌ ساڵی 2003دا، لەگەڵ هاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئێزدییه‌كان داعش ئێزدییەکانی جینۆساید كرد.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزه‌رانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا: "ئێمە ساڵانە بانگهێشت دەکرێن، چونکە ئیمە وەک پارێزەران لێرە تۆڕی هاوپەیمانیمان هەیە و لە دادگاییکردنی سەددام حسێندا بەشدار بووین، بۆیە کە ساڵانە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت و لەو گۆنگرەیەدا بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت کە وڵاتان ببنە ئەندام، ئێمەش وەک ڕێکخراوەکانی جینۆساید و بوارەکانی دیکە لەوێ کار دەکەین و لە هەوڵی ئه‌وه‌داین فشار بخەینە سەر عێراق تا ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی."

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ڕابردوویەکی دوورەوە تا ئەمڕۆش تاوانی گەورەی وەک تاوانی جەنگ ‌و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و جینۆساید بەرانبەر بە پێکهاتەکانی کراوە، لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەددامیش یەکێک لە کارەکانی عێراقی نوێ، بوون به ‌ئه‌ندامی ئه‌م دادگایه‌ بوو، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ڕێگرتن لە تاوانەکانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی ‌و جینۆساید‌ و هەوڵدان بۆ دادگاییکردنی نێودەوڵەتیی هەموو ئەو کەس‌ و گرووپ ‌و لایەنانەی ئەم جۆرە تاوانانە لە عێراقی نوێدا دەکەن."

ئه‌ندامبوونی عێراق لەو دادگایەدا بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە ‌و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و پابەندبوونی ڕەها بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ‌ و ئه‌نجامنه‌دانی تاوانی جۆراوجۆری‌ دژ بە مرۆڤایەتی.

گرنگیی بەئەندامبوونی عێراق بۆ هەرێمی کوردسان چییە؟

ئەیاد کاکەیی، دەربارەی بەئەندامبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا و گرنگییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "بۆ ئەوەی ئێمە گه‌ره‌نتی بدەینە نەوەکانی دوای خۆمان، کە چیتر جینۆساید نەکرێن، چونکە لە هەر سێ قۆناغی جینۆسایدکرانماندا، لە سەردەمی بەعسی فاشی و هێرشی داعش و سوپاکەی حەشدی شەعبیشدا، بینیمان بنەماکانی جینۆساید چۆن لەسەر میللەتی ئێمە چەسپا و، چۆن لە نوگرەسەلمان ئەو کارەساتەمان بەسەر هات، بە هەمان شێوە داعش لە کەرکووک و دووزخورماتوو بەسەری هێناین. لەبیری ناکەین کە ئێمە تەنیا لەبەر کوردبوون چیمان بەسەر هات، بۆیە گرنگییەکەی ئەوەیە، کە ئەگەر عێراق ببێتە ئەندام، لەبەر ئەوەی ئێمەش هەرێمێکین لەناو عێراقی فیدراڵدا، ئەوکاتە ئەو زەمانەتە نێودەوڵەتییە بۆ ئێمەش هەیە، بۆیە لە کاتێکدا کە هەر سەرۆکێکی دیکەی عێراق کە هاوشێوەی عه‌بادی دەست ببا بۆ هێز و سوپا بۆ سەرکوتکردنی هەر نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک لەناو عێراقدا، ئەوە ئەوکاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەبێتە گەورەترین زەمانەت بۆ پێکهاتەکانی عێراق، لە سوننە و شیعە و کورد و تورکمان و ئەرمەن و ئاشووری و کلدانی و لە هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان، بۆیە ئێمە ساڵانە لە یادی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەدا چالاکی بەڕێوە دەبەین و چەند ساڵە زیاتر لە 5 بۆ 6 هەزار واژۆمان لە کوردستان کۆ کردووەتەوە و پیشکەش بە نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نوێنه‌رانی عێراق لە هەولێرمان کردووە، چونکە ئێمە جینۆساید کراوین، دەبێ هەوڵ بدەین و کار بکەین تا گلەییی نەوەکانی دوای خۆمان نەیەتە سەرمان، کە ئێمە نەمانتوانیوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش فشار بخەینە سەر عێراق، ڕاستە ئەمڕۆ سیادەی عێراق له ‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمییه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌بڕێت."

كام وڵات نایه‌وێت ببێته‌ ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی؟

دەربارەی ئەوەی بۆچی‌ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تان نایانه‌وێت ببنه‌ ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئه‌یاد كاكه‌یی گوتی: "زۆر وڵاتی زلهێز هەن کە خۆیان یاساکان پێشێل دەکەن، ئەگەر ببینین لە باشووری عێراق سوپای وڵاتانی هه‌رێمی چی کرد، یان کوشتنی ئەو هەموو مەدەنیە لە بەغدا، کە زۆرترین پێشیلکاریی تێدا دەکرێت، بۆیە هەر وڵاتێک خۆی یاسا جێبەجێ نەکات، کەوایە خۆی نابێتە ئەندام و بگرە دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەبێ، هەروەک چۆن یەکێک لە تاوانە گەورەکان ڕاگواستن و ناچاركردنه‌ و کوردیش هەمیشە بەشی ئەوە بووە لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا، کە نزیکترین نموونە سووریایە، بەڵام دەنگی ناگاتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆیە زۆرن ئەو وڵاتە هه‌رێمیانه‌ی له‌ دادگاكەدا ئەندام نین."

بۆچی عێراق نایه‌وێت ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تیدا؟

ئەیاد کاکەی، دەربارەی ئەوەی کە بۆچی عێراق تا ئێستا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ئەندام نییە، گوتی: "ئه‌وكاته‌ی عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بڕیار بوو ببێتە ئەندام، سەرەتا واژۆش کرا، بەڵام بەهۆی فشاری وڵاتانی هه‌رێمییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی کرد و ئەندامبوونی تەنها یەک هەفتەی خایاند، چونکە ئەگەر عێراق ئەندام بووایه‌ لە هێرشی داعش و ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا دادگای تاوانی نێودەوڵه‌تی دەهاتە دەنگ و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکەرانی ده‌رده‌كرد، چونکە ئەوانە تۆمەتبارن بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان."

ئەوەی لە 16 ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا ڕووی دا، لای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی چۆن پێناسە دەکرێت؟

دەربارەی ئەو ڕووداو و کارەساتانەی لە 16 ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتن، ئەیاد کاکەیی، ئاماژەی بەوە دا: "ئەگەر عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ئەندام بووایه،‌ ئەوکاتە یەکسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەهاتنە سەرخەت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان دەکرا، دەتوانم بڵێم بریاڕی دادگاییکردنی بکەرانی دەردەکرا، بەڵام بەداخەوە کە ئەندام نییە، وەک ساڵانە سەرۆکی دادگا و سەرۆکی داواکاری گشتی دەڵێن، "دەوڵەتەکان لەوە دەترسن کە چاودێریی نێودەوڵەتی بکەوێتە سەر وڵاته‌كه‌یان"، کە سەرۆکی وڵاتێک لەوە بترسێ، کەوایە لە خۆی ڕانابینێ، کە خۆی تاوان نەکات، چونکە تەداخولی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە کە تۆ بێی ببیتە دیکتاتۆر، یان چەکی نایاسایی دژی هاووڵاتی و هاونیشتمانیی خۆت بەکار بێنی، بێگومان ئەوە تاوانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش، بۆیە ئێمە هیچ گه‌ره‌نتیه‌كمان نییه‌ کە دووبارە و چەندبارە جینۆساید نەکرێین، هەروەک تا ئێستا جینۆسایدی هەڵەبجە، وەک خۆی ماوەتەوە، کە تاوانێکی گەورە بوو دژ بە مرۆڤایەتی، هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن، کە عێراق ناتوانێ ئیدارەی وڵاتەکەی بەباشی بەڕێوە ببات."

بە ئەندامبوونی عێراق لەو دادگایەدا، مەترسیی داعش کەمتر نەدەبوو؟

دەربارەی ئەوەی کە ئەگەر عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ئەندام بووایه،‌ ئەوا هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان مەترسی، یاخود زیانەکانی کەمتر نەدەبوون؟ ئەیاد کاکەیی ئاماژەی بەوە دا: "بێگومان ئەگەر ئەندام بووینایە، ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 لە ڕێگەی لیژنەیەک بۆ به‌جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، کە ئێمە خۆشبەخشانە کارمان کرد بۆ برا ئیزدییەکان و برا مەسیحی و شەبەک و تورکمان و کاکەیی و هەموو پێکهاتەکان و ئەو هەموو بەڵگە و دیکۆمینتەمان کۆ کردەوە و حکوومەتی هەرێم بەو ئیمکانیەتە کەمەیەوە کە شەڕی سەپێنراوی داعش بەسەرماندا هاتبوو و ئەوە کاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو، بیکا، بێگومان سەرانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سڵیان دەکردەوە لەوەی کە ئەوکاتە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ده‌ستگیركردنی سەرانی داعش و دەیانزانی دەرباز نابن لە دادگاییکردن، بۆیە ئەندامنەبوونمان سەرانی داعشی دەستکراوە کرد."

پێویستە هەرێمی کوردستان چ فشارێک بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام؟

سەرۆکی لقی سەندیکای پاریزەرانی کوردستان دەربارەی هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ فشارخستنە سەر عێراق بۆ بەئەندامبوون لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، گوتی: "ڕاستە کاری زۆرباش و جیددی کراوە، بەڵام ئەوە ناشارمەوە کە ئەو عەقڵیەتەی عێراق بەرێوە دەبات، بەداخەوە نایەوێ بە یاسا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، ئێستاش ئێمە باج دەدەین و جینۆساید دەکرێین و ناکرێت بێدەنگ بین و هەر چاوەڕوان بین، بۆیە دەبێ  هەرێمی کوردستان هەوڵی جددیتر بدات، چونکە سیاسەتی حکوومەتی عێراق ڕوونە و هیچ بۆ هەرێمی کوردستان بەڕەوا نابینێت و یاسا جێبەجێ ناکەن.”

زریان کەمال