هەولێر-KDP.info- سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى یەکڕیزى و تەبایى و پێکەوەکارکردن و لێکگەیشتن و بنیاتنانى متمانە لەنێوان لایەن و پێکهاتە کوردستانییەکان لە سووریا کردەوە، هەموو ئامادەییەکیشى بۆ هاوکارى و پشتگیریى هەر هەوڵێک لەپێناو ئارامى و سەقامگیرى و چارەسەرکردنى ئاشتیانەى کێشەکان لە ناوچەکە نیشان دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2/12/2019 لە هەولێر بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکى باڵاى ئەنجومەنى نیشتمانیى کوردى لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیى بەڕێز سعوود مەلا سەرۆکى ئەنەکەسە، دوایین پێشهاتەکان و دۆخى سووریا و ئامادەیى و ڕۆڵ و کاریگەریى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانیان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە پێویستیى تەبایى و یەکترقبووڵکردن لەنێوان پێکهات و لایەنەکان لە سووریا و کارکردن لەپێناو چارەسەرى کێشەکان و گێڕانەوەى ئارامى و سەقامگیرى کردەوە، نیگەرانیى خۆیشیان لە هەوڵەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکە و کار و ڕەفتارى چەکدارانى توندڕۆى ئۆپۆزسیۆنى سووریا نیشان دا.