هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: "پێویستە خەڵكی كوردستان تا دەكرێت خۆیان بپارێزن و گەشت و سەیران نەكەن، ئەگەر گەشتیش بكەن رێنماییەكانی ئێمە جێبەجێ بكەن، چونكە بەپێی زۆرینەی توێژینەوەكان، لە بەهار و وەرزی گەرمادا، ڤایرۆسی (كۆرۆنا) لەناو دەچێت".
د. هەڵۆ عەسكەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتیان دەكەین تا بتوانن گەشت و سەیران ئەنجام نەدەن و لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە، ئەگەر گەشتیش بكەن با رێنماییەكانی ئێمە جێبەجێ بكەن، كە بریتین لەوەی تا سەرنشین لەناو ئۆتۆمبێلەكان كەمتر بێت باشترە و خواردنەكانیش لە ماڵەوە ئامادە بكەن و ڕەنگە لە رێگە بچیتە سێ بۆ چوار دوكان، ئەمەش مەترسی دروست دەكات، بۆیە یەك جار خواردنەكان ئامادە بكەن و نەچنە هیچ دوكانێكی دیكە، چونكە نەخۆشییەكە زۆرتر لە رێگەی پارە و دراوەوە دەگوازرێتەوە".
عەسكەری گوتیشی، كە چوونە گەشتیش لە شوێنێكی تەنیا بن و تێكەڵی خەڵك نەبن و ئاوی ماڵەوە بەكار بێنن و ئاوی دەرەوە بەكار نەهێنن، هەروەها لە ئاژەڵی كێوی نزیك نەبنەوە و كلێنكس بەكار بێنن و پاشماوەی خۆیان فڕێ نەدەن.
ناوبراو دەشڵێ: "هەموو توێژینەوەكانی بەردەستی ئێمە و ئەوانەی جیهانی، باس لەوە دەكەن كە چەند بەرەو بەهار بچین و كەشوهەوا گەرم بێت، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو دەچێت ئەگەر ڤایرۆسەكە نەگۆڕێت، ئەگەر گۆڕاش باس لەوە دەكرێ رەنگە لە 30 پلە زیاتر خۆی نەگرێت و لەناو بچێت، بەڵام هەر چۆنێك بێت پێویستە جارێ خۆیان بپارێزن و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن و گرنگیی زۆر بە پاكوخاوێنی بدەن".
بڵند ئیبراهیم