هەولێر-KDP.info- له یادى ڕۆژی جیهانیى ئافرهتاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومی، دامەزراوه و کەسایەتییانە دەکەم کە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانى کوردستان و بواری یەکسانیدا ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشاندا هەبووە، ئەمڕۆش بە کردەیی ڕۆڵێکی کارا لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی خانمان له ههموو بوارهكاندا ئاماژەیەکی گرنگی بەهێزبوونی بنەماکانی یەکسانییه.
خانمان هەمیشە قوربانیى سەرەکیی توندوتیژی، لە سەرووى هەمووشیانەوە توندوتیژییەکانی جەنگ و ئەو کارەساتانه بوون كه بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، بەڵام هیچ ڕووداوێکی کارەساتهێن نەیتوانیوە لە شکۆی ئافرەتانی کوردستان و باوەڕ و ورەیان بۆ ژیان، خهبات و سەرفرازی، کەم بکاتەوە.
لە هەرێمی كوردستان هەمیشە بە پەرۆشەوە، وەك پرەنسیپێكی چەسپیوی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی لە یەكسانی و مافی ئافرەتانمان ڕوانیوە و کاری جدیمان لە پێناویدا کردووە. گرنگە ئەم تێگەیشتنە لە سیستمی پەروەردەدا، لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا ڕەنگ بداتەوە.
هەر لەم بۆنەیەدا، بە پێویستی دەزانم، سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەرک و بەرپرسیاریهتییەکی گرنگ و هەستیار ڕابکێشم، ئەویش بەشداری و هاوکاریی هەمووانە لە خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستاندا.
لە کاتێکدا بە پێزانینەوە له ئەرک و ماندووبوونی لایهنه پهیوهندارهكان دهڕوانین، هانی هەموو کوردستانییانی خۆشەویست دەدەم بۆ هاوکاریکردن و جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە خۆپاراستن له کۆرۆنا وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مرۆیی و نیشتیمانی و ئایینی.
بەرز و شکۆدار بێت یادى ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئەو خانمە قارەمانانەی گەلەکەمان كە لەپێناو مافە ڕەواکانی گەل و نیشتماندا گیانیان بەخشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان