قایمقامی قەزای ڕانیە ئاشکرای دەکات کە کێشەی دانیشتووانی ئەو گوندانە چارەسەرکراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە خۆپیشاندانیان ڕێکخست.
حوسێن مەحموود، قایمقایمی شاری ڕانیە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی دانیشتووانی چەند گوندێکی سنوورەکەمان ناڕەزایەتیان دەربڕی لە بارەی کەمی کارەباوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری کارەبای ڕاپەرین و بەرێوەبەری شارۆچکەکانی چوارقورنە و حاجیاوا و ئەنجوومەنی گوندەکان و چەند کەسایەتییەک سەبارەت بە کێشەی کارەبای گوندەکانی (گردجان ، قەرەنی ئاغا، کانی ماران) پاش گفتۆگو بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ڕاپەڕین و فەرمانگەی کارەبای چوارقوڕنە کێشەکەیان بۆ چارەسەر کرا".
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەک لە گوندەکانی قەرەنی ئاغا، گردجان و کانی ماران، بەهۆی کەمی کارەبای نیشتمانییەوە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانیان ڕێکخست و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕێگای نێوان ڕانیە - سلێمانیان داخست.