پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیھانی ئافرەتان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایدەگەیەنێت" ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە".

دەقی پەیامی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان:

لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم. یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا .

ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن و بەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.

داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی  و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک و خاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی  و بەرپرسیارێتی هەموومانە.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2020/3/8