كرمانج عەبدوڵڵا: داعش مەترسیی زۆری دروست كردووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مەخموور-KDP.info- چەند رۆژێكە تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی نێوان مەخموور و كەركووك دەستیان بە جووڵەی زیاتر كردووە، بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، داعش پیلانی بۆ كردەوەی تیرۆریستی ھەیە.

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش جووڵەیان لە ناوچەكانی نێوان كەركووك و مەخموور زیاد كردووە بە تایبەتی لە ناحیەی سەرگەڕان و قەزای دوبز، كە پێشتر بە شەوان چەكدارانی داعش جووڵەیان دەكرد، بەڵام ئێستا بە رۆژ داعش ھاتوچۆی ناوچەكە دەكات و زۆر زیادیان كردووە".

بەرپرسەكەی پارتی لە مەخموور دەڵێت: "زیادبوونی قەبارەی داعش لە نێوان كەركووك و مەخموور، مەترسییەكی گەورەی لەسەر خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە، چونكە كە داعش بەھێز بێت، بێگومان پیلانی بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی ھەیە".

عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "داعشەكانی ئەو سنوورە خەڵكی بیانییان تێدا ھەیە، بەڵام رێژەی سەرەكی، لە داعشی ناوچەكە پێك ھاتوون و سوودیان لە شارەزایی ناوچەكە وەرگرتووە، لە دەشتی قەراجیشەوە بۆ مووسڵ و كەركووك لەو سێگۆشەیە بنكە و بارەگایان ھەیە، بەڵام لەنێو مەخموور كەمتر مەترسییان ھەیە، چونكە زیاتر خۆیان لە چیای قەرەچووغ و ناحیەی قەراج حەشار داوە".

 

قائید میرۆ