چاودێران: عێراق له‌ بۆشاییی حوكمرانیدایه‌.. ڕه‌نگه‌ بكه‌وینه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر - KDP.info -  گه‌وره‌ترین كولته‌ی عێراق نه‌یتوانی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ت پێک بێنێت، چه‌ند ڕۆژێك ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربژێرێكی دیكه‌ ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئاسته‌مه‌ بتوانرێت له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا بگاته‌ ڕێککەتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق.

یاسای پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بۆشاییی سه‌رۆكی حكوومه‌تدا گه‌وره‌ترین كوتله‌ كاندید ڕاده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا، ئه‌وه ‌بوو گه‌روه‌ترین كوتله‌ی فه‌تح و سائیرون محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوییان ڕاسپارد بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌ ماوه‌ی دیاریكراودا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ڕازی بكات، به‌تایبه‌ت كورد و سوننه‌ و له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا شكستی هێنا. د. ڤیان سه‌بری, سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ڕۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ ده‌بێ كاندیدی دیكه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران كه‌ سه‌رۆككۆماری عێراق دیاری ده‌كات، كابینه‌ پێک بێنێت، به‌ڵام ئاسته‌مه‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ی كه‌مه‌ و ئاسته‌میشه‌ بتوانرێت داواكاریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و شه‌قامی عێراق له‌خۆی ڕازی بكات".

به‌پێی ده‌ستوور له ‌ئه‌گه‌ری شكستی كوتله‌ی گه‌روەدا بۆ سه‌رۆكوه‌زیران سه‌رۆككۆمار كه‌سێك ڕاده‌سپێرێت بۆ ماوه‌ی 15 ڕۆژ كابینه‌ پێک بێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌توانرا ئه‌وه‌ سه‌رۆككۆمار خۆی ده‌سه‌ڵاته‌كان وه‌رده‌گرێت، تا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكرێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كێك بێت له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌كان."

مه‌لا شێخه‌، ئه‌ندامی یه‌ده‌گی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ده‌بێ به‌غدا مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كوردستان بدات و ناكرێت مامه‌ڵه‌ی حزبێك له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكرێت، كوردستان نه‌ته‌وه‌ و قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریی تایبه‌ته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بكرێت و مافی گه‌لی كوردستان بدرێت، بێگومان كوردیش پشتیوانیی هه‌ر كابنیه‌یه‌ك ده‌كات کە بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراق". ڕایشیگه‌یاند: 'دیار نییه‌ تاكه‌ی دۆخی عێراق به‌م شێوەیە‌ ده‌مێنێته‌وه‌.'

هەرێمی كوردستان سێ داواكاریی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر كه‌سێك بكرێته‌ سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌وانیش ته‌وافوق و ته‌وازن و شه‌راكه‌تن، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شاندی كوردستان و به‌غداش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

ڕزگار محەمه‌د، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گرنگه‌ كورد له‌ به‌غدا یه‌كده‌نگ بێت و یه‌ك پاكێجی هه‌بێت، ئه‌وه‌یشی له‌ به‌غدا ڕوو ده‌دات ده‌رئه‌نجامی پێشێلكردنی ده‌ستووره‌ و جۆرێكه‌ له‌ دروستبوونی فه‌راغی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له ‌عێراقدا و كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر ئیداره‌ی وڵات ده‌بێت.

کارزان هەورامی