هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ دووشەممە، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكات. دەشڵێت: "پڕۆژەیەكی گرنگە و خوێندنەوەی وردی بۆ دەكەین بۆ ئەوەی بە زوویی پەسەند بكرێت".
ناوەڕۆكی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان لە سێ تەوەر پێك دێت، تەوەری یەكەم ئەوەیە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر) دەكات و لە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەشدا، دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (رێكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) دەكرێت، هەروەها لە تەوەری سێیەمیش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق) دەبێت.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت و یەكێك لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی دەبێت و دواتر پڕۆژەكە ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەكان دەكرێت ".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، " ئەو لیژنانەی تایبەتمەندن بە پڕۆژەیاسای چاكسازی بە پلەی یەك لیژنەی دارایی و یاسایین ئینجا لەوانەیە ئاراستەی لیژنەی پێشمەرگەش بكرێت دواتر ئەو لیژنانە هەوڵ دەدەن لەماوەی دیاریكراو ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەبكەن بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساكە دەوڵەمەندتر بكەن.
كاكەیی ڕاشیگەیاند: "فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ئەو پڕۆژەیاسایە بە زووترین كات لە نێو پەرلەمان تێپەڕێت، بەڵام یەكدەنگیی هەموو فراكسیۆنەكان بۆ ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە، چونكە لە كاتی جێبەجێكردنی ئاسانتر دەبێت، بۆیە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین و بە جیددی كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بە زووترین كات بیكەین بە یاسا."
دەشلێت،" پڕۆژەیاسای چاكسازی كارێكی وردی دەوێت لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە، چونكە هەندێك لایەنی دارایی و یاسایی هەیە تێیدا دەبێت زیاتر ورد بینەوە لێی بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەكی پوخت و تەندروست تا لە جێبەجێكردنیدا كێشەی بۆ دروست نەبێت".
رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بە كۆی دەنگ پڕۆژەیاسای چاكسازیی پەسەند كرد، كە لە هەشت بەش و 19 ماددە پێك هاتووە و، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش (١٢-١٢-٢٠١٩) پڕۆژەكەی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد.
نەشوان بەرزنجی