هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری شەقامی 150 مەتری لە هەولێر گوتی، لە ئێستادا كاركردن لە 14 كیلۆمەتری شەقامی 150مەتریی شاری هەولێر بەردەوامە و ساڵی داهاتوو ئەو بەشە تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.
سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری شەقامی 150مەتری لە هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دروستكردنی شەقامی 150مەتریی شاری هەولێر بەردەوامە و وەكو قۆناغی یەكەم 14كم تەواو دەكرێت و كاری زۆر باشیان تێدا كردووە، لە ئێستاشدا گەیشتووەتە قۆناغی قیرتاوكردن، بۆیە بەردەوام دەبن تاوەكو شەقامەكە تەواو دەبێت.
سەرتیپ گوتیشی، تا ساڵی داهاتوو ئەو بەشەی ئێستا كاری تێدا دەكرێت، تەواو دەبێت و بە ڕووی شوفێراندا دەكرێتەوە و دواتر دەست بە بەشی دیكە دەكەن تاوەكو شەقامەكە بە تەواوی كارەكانی بە كۆتا دێت.
لای خۆشیەوە، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، فازڵ حاجی، رایگەیاند كە رۆژی چوارشەممە شەقامی 120مەتری بە تەواوی دەكرێتەوە و كارەكانی بە كۆتا هاتووە، كە نۆ كیلۆمەتر دەبێت.
ماوەی دروستكردنی شەقامی 150مەتری، 3ساڵ و چوار مانگە و درێژییەكەی 70كم و بە دەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە، ئەوەی 120مەتریش 36كم دەبێت و تەنها 9كم مابوو، كە ئەویش لە ئێستادا تەواو بووە و ئەم هەفتەیە دەكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم