جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ: دەبێت دۆسیەی بەندکراوانی داعش لەسەر مێزی گفتوگۆی نەتەوەیەکگرتوەکان چارەسەر بکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-16 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-                      

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، کێشەی 12 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعش، دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئامادەبونی نوێنەرە راستەقینەکانی سوریا لە ژنیف چارەسەر بکرێت.

گومانی تێدانیە کێشەی 12 هەزار چەکداری دەستگیرکراو لەلامان چارەسەر ناکرێت، ئەگەر لە ژنێف و لەسەر مێزی گفتوگۆی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیار لەسەر چارەنوسیان نەدرێت

 

جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "گومانی تێدانیە کێشەی 12 هەزار چەکداری دەستگیرکراو لەلامان چارەسەر ناکرێت، ئەگەر لە ژنێف و لەسەر مێزی گفتوگۆی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیار لەسەر چارەنوسیان نەدرێت، لەچوارچێوەی چارەسەرە ساسیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا".
پێویستە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ئەو زیندانیانەی داعش نوێنەرە راستەقینەکانی سوریا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێف کۆببنەوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی ئەو زیندانیانەی داعش نوێنەرە راستەقینەکانی سوریا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێف کۆببنەوە، هەروەک چۆن پێشتر ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فرەنسا ئەو چارەسەرەی پێشنیار کردبو.

دوێنێ یەکشەممە ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فرەنسا رایگەیاند، "ناکرێت چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش کە لەژێر چاودێری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دان لە عێراق دادگای بکرێن، بەهۆی رەشی ئێستای ئەو وڵاتەوە، پێویستە لەچوارچێوەی چارەسەرە سیاسیەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەژنێف بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدرێت".

پێشتریش چەندین جار بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاڤا داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتیان کردوە، بۆ دادگایی کردنی چەکدارانی داعش و ئەندمانی گروپە چەکدارەکانی سوریا کە لەلای هەسەدە دەستبەسەرکراون.