سۆران-KDP.info- بڕیارە سبەی بەردی بناغە بۆ دوو پڕۆژەی گرینگی كارەبا لە دەڤەری سۆران دابنرێت، قایمقامی سۆرانیش دەڵێ، بە جێبەجێكردنی ئەو دوو پڕۆژەیە، بەشێكی زۆری گرفتی كارەبا چارەسەر دەكرێت.
كرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سبەی سێشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە شارۆچكەی سۆران بەردی بناغە بۆ دوو پڕۆژەی گەورەی كەرتی كارەبا دابنرێت، كە پڕۆژەیەك پێك ھاتووە لە گۆڕینی گواستنەوەی ھێڵی كارەبای ناوچەكە و پڕۆژەی دووەمیش وێستگەیەكی بەرھەمھێنانی كارەبایە".
قایمقامی سۆران هەروەها دەڵێت: "ئەمە بۆ جاری یەكەمە پڕۆژەیەكی بەرھەمھێنانی كارەبا لە سنووری قەزای سۆران و قەزاكانی دەوروبەری دەكرێتەوە و كاریگەری لەسەر كەرتی كارەبای ناوچەكە دەبێت".
عزەت جەختیشی كردەوە: "چەند ساڵێكە بە ھۆی دووریی دەڤەرەكەوە لە وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا، گرفتی كارەبا لە ناوچەكانی سۆران و رواندز و مێرگەسۆر و چۆمان ھەیە، بەڵام دوای جێبەجێكردنی ئەو دوو پڕۆژەیە، بەشێكی زۆری ئەو گرفتە چارەسەر دەكرێت".
قائید میرۆ