كامی كامیل بۆ KDP: هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر جموجۆڵی بازرگانیی نێوان هەرێم و توركیادا نەهاتووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

زاخۆ-KDP.info- گوتەبێژی گومرگی ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆ رایدەگەیەنێت، ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا وەكو پێشووتر بەردەوامی هەیە و گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، تەنها رێكاری تەندروستی توندتر كراوە و رۆژانەش هەموو جۆرە كەلوپەلێك بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت.

كامی كامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەردەوامە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، تەنها رێكاری تەندروستی چڕتر كراوەتەوە، ئەگەر نا رۆژانە هەموو كەلوپەلێك بۆ هەرێمی كوردستان هاوردە دەكرێت.

كامیل گوتیشی: "بارهەڵگەرەكانی توركیا كەلوپەل دێنن بۆ خاڵی سنووری و لە گۆڕەپانێك كەلوپەلەكانیان دادەگرن، كە دواتر پشكنینی توندی تەندروستییان بۆ دەكرێت، ئینجا لە رێگەی بارهەڵگرەكانی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی هەرێم دەكرێن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، تەنها رێكاری تەندروستییە كە توند كراوە بە هۆی ئەو نەخۆشییەی لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە، ئەگەرنا هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر جموجۆڵی بازرگانیدا نەهاتووە و وەكو پێشوو كاری بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

 

بڵند ئیبراهیم