"چوار چەکداری داعش لە مەخموور کوژران"

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە ئوپەڕاسیۆنی دوێنێی ھاوپەیمانان بۆ سەر بنکەکانی داعش لە نزیک سەنتەری شارۆچکەی مەخموور ژمارەیەک چەکداری داعش کوژراون و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، ئۆپەڕاسیۆنەکە یەک ڕۆژی خایاند.

لەم بارەیەوە، فەرماندەیەکی پێشمەرگە کە نەیویست ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئۆپەڕاسیۆنی دوێنێ لەلایەن ھاوپەیمانانەوە بە ھەماھەنگیی ھێزە عێراقییەکان ئەنجام درا، چونکە سنوورەکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بەشداریی نەکرد، بەڵام زیانی گەورە بە داعش گەیشتووە."

سەرچاوەکەی پێشمەرگە گوتیشی: "ھاوپەیمانان زیانی شەڕەکەی دوێنێیان بۆ ئێمە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان چوار چەکداری داعش کوژراون و زیانی زۆریش بەر بنکە و بارەگاکانیان کەوتووە."

لەبارەی بەردەوامیی ئۆپەڕاسیۆنەکەوە فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە: "ئۆپەڕاسیۆنەکە یەک ڕۆژی خایاند، واتە دوێنێ لە بەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ بەردەوام بوو، ژمارەیەک گوندی چیای قەرەچۆغی گرتەوە، لەوانەش گوندی بەردەسپی."

قائید میرۆ