هه‌ولێر -KDP.info- ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، عێراق پێویستی به كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕازی بكات و كێشه و قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد به هه‌وڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بووه هۆی ئه‌وه‌ی كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌هێز بێت، بۆیه پێویسته كورد ئه‌و ڕاستییه بزانن، ئەگەر یه‌كهه‌ڵوێست نه‌بن، سه‌ركه‌وتوو نابن.
ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف ڕوشدی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "عێراق وڵاتێكی پڕكێشه‌یه و پێویسته كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز به‌ڕێوه‌ی ببات كه له‌و ئاسته بێت بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه كه‌سایه‌تییەکی به‌هێز نه‌بێت ناتوانێت ئه‌و هه‌موو كێشه و قه‌یرانانه‌ی عێراق چاره‌سه‌ر بكات."
عارف ڕوشدی گوتیشی: "یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا زۆر گرنگ بوو، پێویسته به‌رده‌وام بێت. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان کرد تا بووه هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست بن."
ڕوشدی باسی له‌وه‌ش كرد: "پێویسته كورد ئه‌و ڕاستییه بزانن کە پێكه‌وه بین سه‌ر ده‌كه‌وین و پێكه‌وه نه‌بین خه‌ڵك زه‌فه‌رمان پێ ده‌بات و زیانی زۆر ده‌كه‌ین و ناتوانین مافه‌كانی خۆمان به‌ده‌ست بێنین."
گوتیشی: "دەبێ ئه‌و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ی كورد به‌رده‌وام بێت."
بڵند ئیبراهیم