"نابێ دەستکاری بودجەی کوردستان بکرێ"

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- -ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕی جیهان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق ناكات به‌ مه‌رجێك له‌ چه‌ند مانگێك تێپەڕ نه‌كات و ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ی كوردستان ده‌ستكاری نه‌كرێت.

د. جه‌مال كۆچه‌ر، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئەندامی لێژنه‌ی دارایی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چوار ئه‌گه‌ر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی نه‌وت كردووه؛‌ یه‌كه‌م: خواستی جیهانی له‌سه‌ری كه‌م بووه‌ته‌وه‌، دووه‌م: پرسی نه‌خۆشیی كۆرۆنا كه‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌كانی گرتووه‌تەوە، له‌وانه‌ چین و كۆریای باشوور و ئیتالیا، ئه‌مه‌ش خواستیان له‌سه‌ر پیشه‌سازی دابه‌زیوه‌، سێییه‌م: ڕووسیا له‌ ئۆپیك ده‌رچووه‌ و ئۆپیكیش باڵانسی له‌ده‌ست داوه‌، چواره‌م: سعوودیه‌ بڕیاری داوه‌ به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 6 تا 8 دۆلار كه‌متر له‌ بازاڕی جیهان بفرۆشێت، ئیتر ئه‌مه‌ وای كردووه‌ بازاڕه‌كان هه‌مووی دابه‌زێت. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وابه‌سته‌ به‌ بازاڕی فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌، عێراق حیجزی زیاتر ده‌بێت و ته‌خمینی بودجه‌ له‌سه‌ر 56 دۆلار بۆ به‌رمیلێك كراوه‌، ئێستا به‌رمیلێک بووه‌ به‌ 32 دۆلار، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ داهاتوو ده‌ركه‌وێت كه‌ كاریگه‌ری ده‌كاته‌ سه‌ر بودجه‌ی عێراق، یان نا."

گوتیشی: "ئه‌گه‌ر دوو مانگ و سێ مانگ ئه‌م پرسه‌ به‌رده‌وام بێت، عێراق گرفتی نابێت له‌ پێدانی پاره‌ی كارمه‌ندانی حكوومه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر درێژ بووه‌وه‌ بۆ ساڵان، ئه‌وه‌ ده‌بێت ڕێكار وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ده‌ست نه‌بات بۆ مووچه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ یان موكافه‌ئات بوه‌ستێنێت، چونكه‌ ئێستا عێراق 3 ملیۆن 880 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا ده‌فرۆشێت، به‌ڵام ئێستا پرسی كۆرۆنا گرفتێكی دروست كردووه‌، چۆن كه‌سێك كه‌ كۆرۆنا ده‌گرێت ده‌یخه‌نه‌ كه‌ره‌نتینه‌وه‌، ئێستا ده‌وڵه‌تیش وای لێهاتووه‌، بۆ نموونه‌ كه‌س ناچێته‌ چین و كه‌سیش ده‌رناچێت و شه‌ریكاتیش كار ناكه‌ن، واته‌ نه‌وت نافرۆشرێت ".

رایشیگه‌یاند: "عێراق دوو گرفتی هه‌یه؛ یه‌كه‌م عه‌مباری نه‌وتی نییه‌، دووه‌م عێراق ڕێڕه‌وی نه‌وتی نییه‌ تا نه‌وت خەزن بكات و دواتر به‌دڵی خۆی بیفرۆشێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت به ‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ تا هه‌فته‌یه‌كیش ده‌توانێت دوای فرۆشتن ڕای بگرێت، دواتر ده‌بێت ڕاده‌ستی بكات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ده‌كات له‌وه‌ی عێراق نه‌وت به‌پێی نرخی بازار بفرۆشێت، كه‌ ئێستا نرخه‌كه‌ی زۆر دابه‌زیوه‌."

جه‌مال كۆچه‌ر، ده‌شڵێت: "پێشبینیی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دۆخه‌ی بازاڕی جیهان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بودجه‌ی عێراق دابنێت، به‌ مه‌رجێك درێژه‌ بكێشێت، به‌ڵام ئه‌و بودجه‌یەی ده‌ینێرێت بۆ كوردستان، ڕه‌نگه‌ وه‌ك خۆی بێت".

کارزان هەورامی