هەولێر -KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٠ی٣ی٢٠٢٠، بە سەرپەرشتیی ھەڤاڵ مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، کۆبوونەوەی دەزگای ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنی پارتی ئەنجام درا و تێیدا بڕیار درا کە تا ڕۆژی ٢٦ی ٣ی ٢٠٢٠ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەر بە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەرنەچن.
وێڕای ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆگرام و ڕێککارەکانی خۆپارێزیی ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی پارتی و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان و ھاوکاریکردنی دامودەزگا تایبەتمەندەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، ھاوکات بڕیار درا تا ڕۆژی ٢٦ی ٣ی ٢٠٢٠ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەرنەچن کە هەریەک لە ڕۆژنامەی هەولێر و ئەڤڕۆ و خەبات و، گۆڤاری گوڵان و ڕامان و سڤۆرە دەگرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە کەناڵە تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆ و ماڵپەڕەکان و سۆشیال میدیا بەپێی ئەو بەرنامەی کە دانراوە بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارە میدیاییەکانیان.
ھەولێری پایتەخت
١٠ی ٣ی ٢٠٢٠