زیاتر لە 50% فڕۆکەکانی ئێران بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە کار کەوتوون

دوایین نوێکردنەوە 2021-12-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەوە راگەیەندرا کە زیاتر لە 50% فڕۆکەکانی ئێران کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەتوانراوە چاکبکرێنەوە لە دۆخێکدان کە لەکارکەوتوون.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەکێتی کۆمپانیاکانی ھێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، عەلی رەزا بەرھۆر، لە لێدوانێکیدا بۆ مێدیای فەرمیی وڵاتەکەی، داوای ھاوکاری بۆ کۆمپانیاکانی ھێڵی ئاسمانی کردووە.

عەلی رەزا بەرھۆر ئەوەی راگەیاند کە زیاتر لە 50% فڕۆکەکانی وڵاتەکە بەھۆی ئەو سنووردارکردنەی کە لەگەڵ سزاکانەوە خراوەتە سەریان نەتوانراوە بزوێنەر و پارچەی یەدەگیان بۆ دابین بکرێت و لە دۆخێکدان کە لەکارکەوتوون.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەکێتی کۆمپانیاکانی ھێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، گوتیشی: "١٧٠ فڕۆکە لەو فڕۆکانەی کە لە ئێستادا لە ئێراندا ھەیە، بەھۆی کەمی سەرچاوەی دارایی و سزاکانەوە و دابیننەکردنی ئەو پارچە یەدەگانەی کە پێویستیانە لە کار کەوتوون."

عەلی رەزا بەرھۆر، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەھۆی ئەو کێشانەی کە ھەیە ھاووڵاتییان ناتوانن بەگوێرەی پێویست سوود لە گواستنەوەی ئاسمانی ببینن و داوای لە حکوومەت کرد کە ئەم پرسە بکاتە پێشینەی رۆژەڤی کارەکانی و ھاوکاری کۆمپانیاکان بکات لە دابینکردنی پارچەی یەدەگ.

ناوبراو، ئەوەشی راگەیاند کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی کێشەکە بەم شێوەیە ئەوە ژمارەی فڕۆکە لەکارکەوتووەکان زیاددەکات و کێشەکەش گەورەتر دەبێتەوە.

ئەو سزا ئابوورییانەی کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، سێکتەری ھێلی ئاسمانی مەدەنیش دەگرێتەوە. بەھۆی سزاکانەوە ئێران ناتوانێت ھاوردەی فڕۆکەی گەشتکردنی مەدەنی و پارچەی یەدەگی فڕۆکە بکات.