بەیاننامەی پارتی بە بۆنەی ساڵیادی رێككەوتننامەی 11 ئادار

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(50)ەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی (11ئادار1970) بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:


ئەمڕۆ لە رۆژژمێری پڕ لە شانازی بۆنەكانی ئادار و نەورۆزدا یادی یۆبیلی زێڕینی رێككەوتننامەی (11ـی ئاداری 1970) دەكەینەوە، ئەو رێككەوتننامەیەی لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی كوردستاندا بایەخێكی ئێگجار گرنگی هەیە، لەبەرئەوەی یەكەمجار بوو حكومەتی ناوەندی عێراق دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی و كولتوورییەكانی گەلی كورد و چارەسەركردنی كێشەی كورد بە رێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ.

رێككەوتننامەی (11ی ئادار) كە بەر لە (50)ساڵ لەنێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی سیاسی شۆڕشی كورد بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر مۆركرا، پاش ساڵەهای ساڵی تێكۆشان و فیداكاریی پێشمەرگە دلێرەكان هاتەدەست، هەروەها رووداوێكی گرنگی مێژوویی ئەوتۆ بوو لە رووی دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەكەدا.
رێككەوتننامەكە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی، كاریگەری خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخوازی و نەتەوەییمان و بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان،  هەروەها لاپەڕەیەكی دیكەی ئەو سەروەریانە بوو لە مێژووی كورد و پارتیمان بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر بۆ پێداگریی لەسەر گەیشتن بە مافە رەواكانمان.

رێككەوتننامەی (11ی ئادار) زەوینەی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوەی  لە عێراق رەخساند، ئەمەش دەلالەتی حیكمەت و دووربینی و پلانڕێژیی سیاسەتی بارزانی نەمر و سەركردایەتیی پارتی بوو، كە حكومەتی عێراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە ملكەچ بكات بۆ داوا و مافەرەواكانی گەلی كورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی.

رێكەوتننامەی (11ی ئادار) بایەخی مێژوویی لەوەدایە بە یەكەم بەڵگەنامە دادەنرێ لەرووی یاساییەوە كە بۆ یەكەمجار تیایدا بە رەسمی دان نراوە بە مافە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی عێراق و زمانی كوردیش دووەم زمانی فەرمی بێ لە عێراقدا و جگە لە چەندین دەسكەوتی گرنگی ئیداری و فەرهەنگی و رۆشنبیریی و، نەتەوەیی و نیشتمانی دیکە.
 
رێككەوتننامەی (11ئادار1970) لە رێگەی دانوستانی ئاشتیانە و دیموكراسیانە بناغەیەكی راست و دروستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە پێی هەلومەرجی ئەوسا داڕشت، مەبەست لەو هەنگاوەش تەنیا كۆتایی هێنان نەبوو بە شەڕ و كوشتار و ململانەی خوێناوی، بەڵكو چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستیشی دا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتیی لە عێراق و دواڕۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكان چەسپاند، هەروەها دەروازەیەكی دیكەی گرنگیش بوو بۆ دەستەبەركردنی ماف و داخوازییەكانی پێكهاتە و نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان و كلدان سریان ئاشووری.
  ئەو رێككەوتننامەیە، كە دەسكەوتێكی بایەخداری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو،  هەرچەندە لە هەر دوو لایەنی ناوەخۆ و دەرەكییەوە دژایەتی كرا، بەڵام لە سەر هەردوو ئاستدا سەدا و دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆوە دەسكەوتێكی دیكە بوو بۆ دەنگە ئازاد و دیموكراسی و پێشكەوتنخوازەكان بۆیە پێشوازیەكی گەرمی لێكراو لەسەر ئاستی دەرەوەشدا رای گشتی جیهانی وروژاند و نێوەندە عەرەبی و جیهانیەكان بە هەنگاوێكی گرنگ و بەسوودیان بۆ گەلان و نەتەوەكانی عێراق لەقەڵەم دا.

سەركردایەتی سیاسی پارتی ئەوسا سوور بوو لەسەر جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكە و پێی وابوو سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بەرەو گۆڕانكاری ئەوتۆ لە رەوشەكە و ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتن و گوزەرانیان، كەچی رژێمی بەعس بە پێچەوانەوە تادەهات لە بەندەكانی پاشگەزدەبۆوە لەوانەش نكوڵیكردن لە شوناسی نەتەوەیی و كوردستانیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن، كە دەبوایە بەپێی رێککەوتنەکە سەرژمێریان تیا ئەنجام بدرایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێككەوتننامەیە بوو بەبناغەیەك بۆ تەواوی پرۆسەكانی دیالۆگ و گفتوگۆ، كە شۆڕشی كورد لەگەڵ حكومەتی عێراق كردوویەتی و بوو سەرچاوەیەكی بەهێزی راپەڕینە شكۆدارەكەی ساڵی (1991)یش بوو.
 
رێکەوتی راگەیاندنی رێككەوتننامەی (11ئادار1970) هاوكاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر لە (11ی ئاداری 1991) هەر بەو بۆنەیەوەش پیرۆزباییەكی گەرم و ئەمەكدارانە لە رۆڵە خۆراگرەكانی شاری دێرینی هەولێر، شاری برایەتی و لێبووردەیی و وەفاداریی دەكەین، شاری شارستانیەت و رەسەنایەتی و پێشكەوتن لەگشت بوارێكدا.
بەو بۆنەیەوە و وێرای جارێكی دیكە پیرۆزباییمان لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە نەبەزەکانی شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و گەلی كوردستان، دووپاتی دەكەینەوە كە  ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هەمیشە بەردەوام دەبین لەسەرهەمان رێبازی كوردایەتی و بارزانی نەمر و پارتایەتیمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێدادەگرین لەسەر یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی کوردستانی و دابینكردنی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، كە بەپێی دەستوور دانیان پیانراوە و چەسپاون، لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش زیاتر پێویستیمان بە كار و كۆششی بەردەوام هەیە لەرووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بۆ پتەوكردن و بەهێزكردن و پاراستن و داكۆكیكردن لەو قەوارە سیاسییە شەرعییەی هەرێمی كوردستان و ئەو ئەزموونە و دەسكەوتەكانمان.

سڵاو لەبیرەوەری یۆبیلی زێڕینی رێككەوتننامەی (11)ی ئاداری مێژوویی..
نەمریی و سەربەرزیی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردو كوردستان..
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمرو كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..  
بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11/3/2020
--