ئاكرەیی: بازرگانی هەرێم و ئێران بەردەوامە.. 16ی ئەم مانگە دوایین دەرفەتە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا بەردەوامە و جارێ حكوومەت بڕیاری نەداوە رایبگیرێت، هەر بڕیارێكیش بدرێت، حكوومەتی هەرێم دەیدات نەك عێراق. دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم دوایین مۆڵەتی داوە بەو كەسانەی لە ئێران ماونەتەوە، كە پێویستە تا 16ی مانگ بگەڕێنەوە، ئەگەر نا دواتر رێگەیان پێ نادرێت.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران بەردەوامی هەیە و نەوەستاوە و هیچ بڕیارێكیش نییە بوەستێت، ئەگەر بشوەستێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم بڕیار بدات ئەوكات بوەستێت نەك حكوومەتی عێراق، چونكە ئێمە خاوەن حكوومەتی خۆمانین، بەڵام بازرگانیكردن لە ژێر چاودێریی چڕی تەندروستیدا دەكرێت".

ئاكرەیی روونیشی كردەوە: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە دوایین مۆڵەت بدرێتە ئەو كەسانەی لە ئێران ماون و پێویستە بگەڕێنەوە، ئەگەر تا ئەوكاتە نەگەڕێنەوە، رێگەیان پێ نادرێت تا دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵكی هەرێم گەڕاونەتەوە و ژمارەیەكی كەمیان ماون".

 

بڵند ئیبراهیم