هەولێر-KDP.info- ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دكتۆر ئاراس حەسۆ میرخان رایگەیاند، هەر كاتێك شیعەكان كەسێكیان بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید كرد، ئەوكات ئێمەش بە فەرمی رای خۆمان لەسەری دەردەبڕین. دەشڵێ، چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا كەسێك دیاری بكەن، چونكە چەند ناوێك پێشنیاز كراون و هێشتا بە فەرمی یەكلایی نەبووەتەوە.
د. ئاراس حەسۆ میرخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو كورد چاوەڕێی لایەنە شیعەكان دەكەین بۆ ئەوەی بزانین ئەم جارە كێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری دەكەن، كە ئایا كەسێك دەبێت یان چەند كەسێك دەبێت، لە ئێستاشدا ناوی چەند كەسێك دەهێندرێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە یەكلا نەبووەتەوە و هیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری نەكراوە".
میرخان گوتیشی: "هەر كاتێك شیعەكان بە فەرمی كاندیدی خۆیان دیاری كرد، ئەو كات داوای ڕای كورد دەكەن و ئێمەش بە فەرمی رای خۆمان لەسەر كاندیدەكە دەردەبڕین، ئینجا تەنیا یەكێك بێت یان لە كەسێك زیاتر بێت، چاوەڕێش دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن و رێككەوتنی لەسەر بكرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "هەر كاتێك كەسێك دیاری كرا، ئەوكات گفتوگۆ لەگەڵ شیعەكان دەكەین بۆ ئەوەی داواكاریی كوردیان پێ بگەینین لەبارەی حكوومەتی داهاتووەوە، بەڵام پێویستە ئەمجارە كەسێك دیاری نەكات هاوشێوەی عەللاوی بێت و خۆی بەسەر پێكهاتەكاندا بسەپێنێت".
بڵند ئیبراهیم