د.مەحموود عوسمان: پێویسته‌ خۆپێشانده‌رانیش بە سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق ڕازی بن

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- خه‌ریكه‌ ماوه‌ی یاسایی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ته‌واو ده‌بێت و تا ئێستا شیعه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری بكه‌ن.

سیاسه‌تمه‌داری كورد، د. مه‌حموود عوسمان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كوتله‌ی سائیرون پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانیان ناوێت و ئه‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌مووی موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌ و تا ئێستاش دیار نییه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعه‌ كێ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاری دەکەن."

د. مه‌حموود عوسمان گوتیشی: "پێویسته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق به‌ دڵی خۆپێشانده‌ران بێت، ئه‌گه‌رنا دانانی سه‌رۆكوه‌زیرانێكی نوێ هیچ سوودێكی نابێت و ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌ عێراق هه‌یه،‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و كۆتاییی پێ نایه‌ت."

د. مەحموود عوسمان باسی له‌وه‌ش كرد، كورد تا ئێستا جۆرێك له‌ بێده‌نگیی پێوه ‌دیاره‌ و هێشتا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی دانانی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێوە دیاری نه‌كردووه‌.

بڵند ئیبراهیم