هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پەنجا ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ی نێوان شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر و حكوومەتی ئەوكاتی عێراق تێدەپەڕێت، كەسایەتییەكی سیاسیی كوردیش دەڵێ، رێككەوتننامەی ١١ی ئادار، بەرھەمی پێشمەرگە و شۆڕش و میللەتە.
زیرەك كەمال، كەسایەتیی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، یەكێكە لە رووداو و وەرچەرخانە ھەرە گرینگەكانی مێژووی خەباتی گەلی كوردستان، ئەو كاتەی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی رێككەوتن لەسەر كۆمەڵێك مافی نیشتیمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلی كوردستان، بەرھەمەكەشی لە سەرەتادا ژمارەیەك دەستكەوتی گرینگ بوون، وەك دانپێدانان بە پرسی نەتەوایەتی و ئۆتۆنۆمی و زۆر دەستكەوتی دیكە".
ئەو كەساتییە سیاسییەی كورد دەڵێت: "رێككەوتننامەی ١١ی ئاداری نێوان شۆڕشی كورد و عێراق، دیاری نەبوو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەڵكوو لە ژێر گوشار و كاریگەریی خەباتی شۆڕشی ئەیلوول و گەلی كوردستاندا بوو، لە رێگەی شۆڕش و خۆڕاگرییەوە، فەرزی كردە سەر حكوومەتی عێراق بێتە سەر مێزی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئەمەیش بە دەستكەوتێكی گرینگ دەژمێردرێت".
زیرەك كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "حكوومەتی بەعس ھەر زوو لە رێككەوتنی ١١ی ئادار پاشگەز بووەوە، یەكەمین خاڵی پاشگەزبوونەوەكەشی وەك بەیاننامە خوێندەوە، بە كورتی رێككەوتننامەی ١١ی ئادار بەرھەمی پێشمەرگە و شۆڕش و میللەتە، ھەتا مێژوو مابێت و گەلی كوردستان مابێت، ئەو رێككەوتننامەیە بە موڵكی خەباتی خۆی دەزانێت، بەڵام دەرئەنجامەكەی ھەرچییەك بووبێت، شۆڕش و گەلی كوردستان لێی بەرپرس نییە، بە پێچەوانەوە حكوومەتی ئەو كاتی عێراق لێی بەرپرسیارە".
قائید میرۆ