هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پابەندی ڕێنماییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانین و تا ئێستا ھیچ حاڵەتێك، یان گومانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێو ڕێزەكانی پێشمەرگەدا تۆمار نەكراوە.
دكتۆر ڕزگار عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە وڵاتی چین، ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دەستمان كردووە بە ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە و بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا ھیچ گومان، یان حاڵەتێكی كۆرۆنا لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگەدا نییە".
سەبارەت بە ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی تەندروستی، دكتۆر ڕزگار گوتی: "كاتێك ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان لە چین دەگەڕانەوە، پێشنیازمان بۆ وەزارەتی تەندروستی كرد ئەو ھاووڵاتیانە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە "كەرەنتینە" بكرێن و، ئێستاش نەخۆشخانەكە بۆ تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە تەرخان كراوە".
دەربارەی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ خۆپارێزی لەم ڤایرۆسە، بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا بۆ ھەموو پێشمەرگە نێردراوە." داواش لە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكات، ڕێنماییەكان بە باشی جێبەجێ بكەن و تا پێیان دەكرێت لە یەك شوێن كۆ نەبنەوە.
دەشڵێت: "لە دیوانی وەزارەت پشكنینی پلەی گەرمی بۆ ھەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە سەردانی دیوان دەكەن، لە كارمەندێكەوە تا وەزیری پێشمەرگە پابەندن بە پشكنینەكانەوە."
دكتۆر ڕزگار ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە داوایان كردووە بودجەیەكی تایبەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین بكرێت، چونكە ئەگەر حكوومەت بڕیار بدات ھاتوچۆی ھاووڵاتیان سنووردار بكرێت، دەبێ ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەم ئەركە ڕابسپێردرێن.
ھەكار ھەركی