هەولێر-KDP.info- ماوەی هەفتەیەك لە بەردەم عێراقدا ماوە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیران دیاری بكات، هەرێمی كوردستانیش چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەكات.
شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كوتلە شیعەكان لە كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەی كەسێك دیاری بكەن بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەردەوامن، چونكە سەقفێكی زەمەنی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە".
ئەوەشی نەشاردەوە، كە ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان لە لایەك و ئەو دۆخەشی لە عێراقدا هەیە بە هۆی داواكاریی خۆپیشاندەرانەوە، ئەركەكەی قورستر كردووە.
تەها ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی كەسێك چڕ بوونەتەوە و كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەش ئەنجام دەدەن، تا ئێستاش لەسەر چەند ناوێك رێك نەكەتوون، بەڵام 10 ناو بۆ ئەو پۆستە دێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەگەیشتوونەتە بڕیاری كۆتایی".
بەرپرسەكەی پارتی جەختی كردەوە، كە لە بەرامبەر ئەم ناوانەدا، موقتەدا سەدر بە تەنیا وەستاوەتەوە و ئامادە نییە لەگەڵیاندا دابنیشێت و دەیەوێت خۆی كەسێك دەستنیشان بكات.
لەبارەی داواكاریی كوردەوە، ناوبراو دەڵێت: "هەر كەسێك دەبێتە سەرۆكوەزیران، یان خۆی كاندید دەكات، دەبێت داواكاریی كورد لە بەرچاو بگرێت، هەروەها دەبێت وەك قەوارەیەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات".
كارزان هەورامی