عه‌لیاوه‌یی: ته‌وافقێكی نیشتمانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بمێنێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

به‌غدا-KDP.info-  ڕاوێژكاری پێشووی سه‌رۆككۆماری عێراق گوتی، گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر به‌رده‌وام بێت تا هه‌ڵبژاردن، یاخود جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌وافقێكی نیشتمانی هه‌یه‌.

عەبدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی، ڕاوێژكاری پێشووی سه‌رۆككۆماری عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "‌ئێستا شیعه‌كان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی دووباره‌ بكرێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران و له‌ كاری سه‌رۆكوه‌زیران به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ هه‌ر خۆی كاتی هه‌ڵبژاردنی دیاری كردووه‌، كه‌ له ‌مانگی 12ی ئه‌مساڵ بكرێت، بۆیه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ڕازین كه‌ ئه‌و ببێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران ته‌نها ڕه‌وتی سه‌در ڕێگره‌، بۆیه‌ چانسێكی به‌هێزی هه‌یه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران."

د. عەبدوڵڵا عه‌لیاوه‌یی كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی كورده،‌ باسی له‌وه ‌كرد: "بڕیاریش دراوه‌ كه‌ چیتر خۆپێشاندان نه‌كرێت به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا، بۆیه‌ ئه‌ویش كۆتاییی پێ دێت و جارێكی دیكه‌ به‌نیازن عه‌بدولمه‌هدی بكرێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران، چونكه‌ ته‌وافقێكی نیشتمانیی له‌سه‌ر هه‌یە."

عه‌لیاوه‌یی باسی له‌وه‌ش كرد: "پێویسته‌ كوردیش له‌گه‌ڵی گفتوگۆ بكه‌ن و له‌گه‌ڵی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بتوانین هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكەین."

عه‌لیاوه‌یی گوتیشی: "پێویسته‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكرێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی تووشی كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌كو عه‌لاوی نه‌بینه‌وه‌ و گرفتمان بۆ دروست بكات، چونكه‌ ته‌نها ئه‌و ده‌توانێ هاوسه‌نگی له ‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كاندا دروست بكات."

ڕوونیشی کردەوە کە بڕیارێك هه‌یه‌ سه‌رۆكوه‌زیران هه‌روه‌كو سەرۆکی حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكەر‌ بمێنێته‌وه‌ تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت.


بڵند ئیبراهیم