هه‌ڵه‌بجه-KDP.info - چه‌ندین قوتابیی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له وڵاتی ئێران ده‌خوێنن و له ده‌روازه‌ی مونزریه‌ی عێراقه‌وه هاتوونه‌ته‌وه و سه‌ردانی كه‌ره‌نتینه‌یان نه‌كردووه بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێ: "تاوه‌كو 24 سه‌عات نه‌یه‌ن به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌مانه‌وه کە پشكنینیان بۆ بكه‌ین، ناوه‌كانیان له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییەوە ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی خوێندنەکەیان."
ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "چه‌ندین قوتابیی خه‌ڵكی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له ئێران ده‌خوێنن و له مه‌رزی مونزریه‌ی عێراقەوە گەڕاونەتەوە و نه‌هاتوون بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێستا وردبینی له ناوه‌كانیان ده‌كرێت، بانگه‌وازمان كردووه له ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا بێن و پشكنین بكه‌ن و پێوه‌ندی به كه‌ره‌نتینه‌كانه‌وه بكه‌ن، هه‌ركه‌س به ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌مانه‌وه نه‌یه‌ت، له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییەوە ناوه‌كانیان ده‌ده‌ین به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی خوێندنەکەیان".
ناوبراو ده‌ڵێ: "ئێستا پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له بارێكی ئاساییدایه، به‌ڵام باری نائاسایی ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ ته‌واوی هاووڵاتیان کە پابه‌ندی ڕژدی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن، سه‌ردانی یه‌كتری نه‌كه‌ن و تێكه‌ڵی قه‌ره‌باڵغی نه‌بن، سه‌ردانی كه‌ره‌نتینەكراوه‌كانیش نه‌كه‌ن".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "له هه‌ردوو كه‌ره‌نتینه‌ی هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه 90 كه‌س 14 ڕۆژی كه‌ره‌نتینه‌یان ته‌واو كردووه، كه‌ره‌نتینه‌یان به‌جێ هێشتووه و ئێستاش 45 كه‌س له كه‌ره‌نتینه‌كاندان، چاه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌سانێكی زۆر له ئێرانه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه و بێنه كه‌ره‌نتینه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داوه و 15/3، واتە ١٥ی ئه‌م مانگه‌ی به كۆتا واده داناوه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئێرانن کە بگه‌ڕێنه‌وه".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه گوتیشی: "به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی یاسایی‌ی دیوانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ڕێكاری یاسایی دژی ئه‌وكه‌سانه ده‌گرینه‌به‌ر كه له ئێرانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و نایه‌نه كه‌ره‌نتینه".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ