د. محەمەد خورشید: بە حیکمەتی بازرانی نەمر حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ددانی بە کوردستانیەتیی کەرکووکدا نا

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

کەرکووک-KDP.info - یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ددانپێدانانی حکوومەتی عێراق بوو بە کوردستانیەتیی کەرکووکدا و بەرپرسی لقی پارتیش لە کەرکووک دەڵێ، بە حیکمەتی بارزانی نەمر عێراق ددانی بە کوردستانیەتیی کەرکووکدا نا.

دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکانی گەلی کوردستان، چونکە بۆ یەکەمجار بوو لە عێراق حکوومەتێک ددان بە مافی کورددا بنێت، لە نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا ڕێککەوتنی ١١ی ئادار ھاتە بەرھەم و دەستکەوتێک بوو نەک بۆ باشوور، بەڵکوو بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان."

بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک گوتی: "تا لە ١١ی ئادار نەگەیشتنە ڕێککەوتن، حکوومەتەکانی عێراق ئامادە نەبوون ددان بە کوردستانیەتیی کەرکووکدا بنێن، لەوکاتەوە کەرکووک وەک بەشێکی کوردستان ناسێندرا و بڕیار بوو لە ماوەی چوار ساڵدا کێشەی کەرکووک چارەسەر بکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق نەیتوانی خۆی ڕزگار بکات لەو ھەموو زۆڵم و ستەمەی بەھۆی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووکەوە ئەنجام درابوو، بەتایبەتیش دوای ساڵی ١٩٦٣ ھێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر ناوچەکانی کەرکووک بەڕێوە چوو."

دکتۆر محەمەد خورشید جەختی کردەوە: "رێککەوتننامەی ١١ی ئادار و حیکمەتی بارزانی نەمر لەوەدا بوو، کە وای کرد حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ددان بە کوردستانیەتیی کەرکووکدا بنێت و ئەو فەرمانەی بارزانی چووە سەر کە گوتبووی کەرکووک دڵی کوردستانە."

قائید میرۆ