مەسرور بارزانی: من پێم وا نییە داعش شکست درابێت

دوا نوێکردنەوە: 2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

داعش تەنها ئەو گرووپە نییە کە چەک هەڵدەگرێت بەڵکوو ئایدۆلۆژییە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی کورتی تویتەردا دەڵێت "من پێم وانییە کە داعش شکست درابێت".

ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "من پێم وانییە کە داعش شکست درابێت، چونکە بەلای ئێمەوە داعش تەنھا ئەو گرووپە نییە کە چەک ھەڵدەگرێت و مەترسی بۆ سەر خەڵک دروست دەکەن، بەڵکو ئایدۆلۆژییە".

لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناحیەی کوڵەجۆ لە سنووری کفری، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان، ئاشکرای کرد: "ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هۆشیاریمان داوە".

مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.