هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە هەرێمی كوردستان سەرباری راگرتنی دەوامی فەرمی، لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 950 مۆڵەتی پڕۆژەمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان داوە، كە چەندین پڕۆژەی ستراتیژییان تێدایە.
موخلیس محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سەرباری راگرتنی دەوام لە فەرمانگە حكوومییەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام وەبەرهێنەران هیچ پڕۆژەیەكی خۆیان رانەگرتووە و پابەندن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لە وادەی خۆیدا.
محەمەد گوتیشی: "ئێمە وەكو دەستەی وەبەرهێنان، زیاتر لە 950 مۆڵەتی پڕۆژەمان بە وەبەرهێنەران داوە، كە بەشێكیان تەواو بوون و بەشێكیشیان لە جێبەجێكردندان، كە هەموو جۆرە پڕۆژەیەك لە خۆی دەگرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "هەر پڕۆژەیەك ماوەیەكی بۆ دیاری كراوە، بۆ نموونە ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەی زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی 12 ساڵە و هەروەها پڕۆژە هەیە 10 ساڵە و هەشە 5 ساڵە، بۆیە پڕۆژەی گەورە و مامناوەندمان هەیە و ئەو پڕۆژانەی راشمانگەیاندبوون، وەبەرهێنەران ئامادەییان دەربری پڕۆژەكان جێبەجێ بكەن، كە بەمەش كوردستان زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە".
بڵند ئیبراهیم