پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان: دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوتنی گەورەی بۆ هەرێم تۆمار کردووە

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕی بواری زانستە سیاسییەکان لەبارەی بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێ، سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان لە نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سیاسەتی دووربین و دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە.

بەرزان جەوهەر سابر، لە لێدوانیکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "بەهۆی ئەوەی لە دوای 16 ئۆکتۆبەر ڕووی دا، تا ڕادەیەکی زۆر سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە پەکی کەوت، بەڵام خۆشبه‌ختانه‌ نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی بە دیپلۆماسیی خۆی ئامانجی كوردستانێكی به‌هێز بپێكێت و ئەمەیشی بە کردەوە سەلماندووە، بە تێپەڕاندنی گەمارۆی ئابووری و ڕووداوەکانی دوای 16 ئۆکتۆبەر و بەدەستهێنانەوەی پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز و كاریگه‌ری جیهان، ئێستاش پتەویی پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە بۆ دیپلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە."

ئەو پسپۆڕەی زانستی سیاسی دەشڵێت: "گومان لەوەدا نییە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە زیاتر دەتوانێ پێوەندیی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و لە ماوەی داهاتووشدا ئاماژەی بەهێزبوونی زیاتری هەرێم دەردەکەوێ."

بەرزان جەوهەر سابر ئاماژەیشی دا: "نێچیرفان بارزانی دەستێکی کراوەی لە پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەمەش بە ڕوونی لە سەردانەکانی نوێنەر و باڵوێز و دەسەڵاتدارانی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستاندا دیارن و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەرێمی کوردستان بە ئارامی و ئاشتەوایی، دەتوانێ سەرکەوتنی ڕەها بەدەست بهێنێت و ئێستاش پێکەوەبوون و یەکگرتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێکی ترە لە ئامانجە گەورەکانی پێشکەوتن و بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان."

زریان كه‌مال