مەزڵوم کۆبانێ: سەدان هەزار ئاوارە لەکاتی گەڕانەوەیان رفێنراون و ئەشکەنجەدراون

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-16 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، نزیکەی 300 هەزار ئاوارە لەکات گەڕانەوەیان لەلایەن هیزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رفێنراون و ئەشکەنجە دراون.

کۆبانێ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" نزیکەی 300هەزار ئاوارە لە کاتی هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان لەلایەن سوپای نەتەوەیی سوریا[کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات] رفێنراون و ئەشکەنجەدراون".

" دەوام لە 67 خوێندنگە راگیراوە، چونکە وەک کامپی ئاوارەکان بەکارهێنراون، ئەم تاوانانەی جەنگ لەلایەن تورکیاوە لە دژی خەڵکی ئێمە، دەبێت بوەستێنرێت" کۆبانێ وا دەڵێت.

فەرماندەی هەسەدە ئاماژە بە تاوانەکانی دیکەی سوپای تورکیا دەکات دەرهەق بە گەلی سوریا و دەڵێت" خانوی خەڵکە ئاسایەکانی سوریای کردوە بە کارتی فشار دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەک بنکەی ئەندازیاری خۆی لە پلانەکانی گۆڕینی دیموگرافیای سوریا بەکاریدەهێنێت".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکات دژی ئەو هەنگاوانەی تورکیا بوەستن و میکانیزمێکی دروست بۆ گەڕانەوەی بێ ترسی ئاوارەکان فەراهەم بکەن.