هەولێر-KDP.info- ڕۆژانی ڕابردوو دەربارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ کاری ھاوبەش. بەرپرسێکی پارتیش لە کەرکووک پێی وایە، ئاڵۆزیی ڕەوشی عێراق ھۆکارە بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ نەکرێت.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستانی ڕاگەیاند: "چەندین جار شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کۆ بووەتەوە، بەڵام ئێمە گەیشتووینە ئەو باوەڕەی بەغدا زۆر جیددی نییە لە جێبەجێکردنی دەستوور بەگشتی و ماددەی ١٤٠ بەتایبەتی، چونکە چەندین جار بەڵێنی جێبەجێکردنی دەستووریان بە ئێمە داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر."
بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەڵێت: "لە ساڵی٢٠٠٥ بەدواوە دەستوور پەسەند کراوە و بە ھەموو لایەکمان چاوەڕێی ئەوە بووین پرسی کەرکووک لە ڕێگەی دەستوورەوە یەکلا بکرێتەوە، بەداخەوە ئەو ھەنگاوانەی لەسەرەتاوە نران وەک گەڕانەوەی کورد بۆ شوێنەکانیان و عەرەبی ھاوردە بۆ ئەو ناوچانەی لێوە ھاتوون، ئەوەش ڕاگیراوە."
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەسەر دەستی پارێزگاری سەپێندراو پڕۆسەی بەعەرەبکردن و تێکدانی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە، لەبەر ئەوەش پێویستە پەلە بکرێت لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە تا ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە."
قائید میرۆ