“بارزانی نەمر هه‌موو هه‌نگاوێكی ئاشتیی قبووڵ بوو، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد به‌ ئامانجی گه‌وره‌ی خۆی بگات”

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ (14ی ئاداری 2020)، ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانی نەمرە. سه‌ركردەکانی شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن باس له‌ گه‌وره‌یی و ساده‌یی و تێکۆشانی بارزانی نه‌مر ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد.

دكتۆر مه‌حموود عوسمان، سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئەیلوول، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بارزانی نه‌مر، سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوو، خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌ بوو میلله‌تی كورد بگاته‌ مافی چاره‌ی خۆی، ئه‌وه‌ش بوو له‌ شۆڕشی ئەیلوول تواندرا بگه‌ینه‌ به‌یانی 11ی ئازار، بۆ یه‌كه‌م جار بوو وڵاتی عێراقی داگیركه‌ری ئه‌وكاتی کوردستان ددانی نا به‌ مافی ئۆ‌تۆنۆمیی كورددا".
مه‌حموود عوسمان ده‌شڵێت: 'هه‌میشه‌ له‌ دانوستانه‌كانی بارزانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش، داوای ئه‌وه‌ی بوو كورد له‌سه‌ر ئه‌رزی خۆی به‌ سه‌ربه‌زی و ئازادی بژێت، مافه‌كانی خۆی هه‌بێت، حوكمڕانییەکی سەر‌به‌خۆی هه‌بێت به‌ كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه‌ كانی تری كوردستانەوە، عێراقیش عێڕاقێكی دیموكراسی بێت، سیاسه‌تێك پێڕه‌و بكرێت هاووڵاتیان مافی خۆیان پێ بدرێت".

د. مەحموود عوسمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: 'له‌ پاش ڕێكکه‌وتنی 11ی ئازار و وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێك و حوكمڕانیی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستانی، ئه‌وكه‌سانه‌ی دیاری كران له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش بۆ پۆسته‌كان، ڕێنماییی بارزانی نه‌مر ئه‌وه ‌بوو ده‌ست پاك بن و خزمه‌تی میلله‌تی خۆیان بكه‌ن و كاره‌كانی ڕۆژانه‌یان به‌باشی ڕاپه‌ڕێنن، له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان تێكه‌ڵاو بن، ئامانجه‌كانی شۆڕش جێبه‌جێ بكه‌ن و كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ڕێککەوتنی 11ی ئازار بكه‌ن".

ئه‌و سه‌ركرده‌یەی شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ڵێ: "به‌رده‌وام بارزانی نه‌مر باسی له‌وه‌ ده‌كرد ده‌بێ کەرکووک له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا به‌شێك بێت له‌ كوردستان، کەرکووک دڵی كوردستانه،‌ کەرکووک له‌ ڕووی جوگرافی و مێژووییەوە به‌شێكه‌ له‌ كوردستان، به‌رده‌وامیش به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌یڕوانی له‌ ئاینده‌ی کەرکووک، کە كورد حوكمڕانیی بكات، به‌رده‌وامیش له‌ دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بارزانی پێداگر بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کە ده‌بێ کەرکووک و ته‌واوی ناوچەکانی‌ كوردستان له‌ژێر حوكمڕانیی كوردیدا بن و كوردستانی بن، هاوشێوه‌ی سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر".

د. مەحموود عوسمان دەشڵێت: 'بارزانی نه‌مر له‌ ڕێكکه‌وتن و دانوستان به‌رده‌وام ئاماده ‌بوو بۆ ئاشتی و هیچ كات حه‌زی به ‌شه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵام شه‌ڕ ده‌سه‌پا به‌سه‌ر كوردا، بۆیه‌ بارزانی و شۆڕشی كورد پارێزگارییان له‌ گه‌له‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌موو هه‌نگاوێكی ئاشتیی قبووڵ بوو، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد به‌ ئامانجی گه‌وره‌ی خۆی بگات.'

به‌هادین محه‌ممه‌د، ناسراو به‌ سه‌ید به‌هادین، ئامر به‌تالیۆن له‌ شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوو جار له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ خزمه‌تی بارزانی نه‌مر گەیشتووم، هه‌میشه‌ سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پیاوێكی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌یی بوو و زۆر سه‌ركرده‌یه‌كی ساده‌ بوو و‌ دژی ناعه‌داله‌تی بوو، كاتێك ده‌یزانی كه‌سانێك مافیان خوراوه‌ و ئه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆی ده‌هاته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و مافی بۆ ده‌گه‌ڕاندنه‌وه‌، یه‌كه‌مجار له‌ حاجی ئۆمه‌ران بینیم خانوو ده‌كرایه‌وه‌ له ‌پاش 11ی ئازار من غه‌درم لێ كرابوو، خانوویان پێ نه‌دابووم، بارزانی به‌وه‌ تووڕه‌ بوو هه‌رله‌وێ بڕیاری دا مافه‌كانم بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌".

به‌هادین محه‌ممه‌د ده‌ڵێ: "بارزانی نه‌مر زۆر دژی گه‌نده‌ڵی بوو، كه‌سێك له‌ کەرکووکه‌وه‌ هاتبوو بۆ لای، گوتی له‌ هه‌ولێر خانوویه‌كم هه‌یه‌ و داگیر كراوه‌، بارزانی پێ گوت: كه‌س له ‌تۆی نه‌پرسیوه‌ته‌وه،‌ مافه‌كه‌ت بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌؟ كابرا گوتی نه‌خێر و زۆر به‌ هه‌ستیاری قسه‌ی ده‌كرد، بارزانی پێی گوت، ئه‌وه‌ من ئێستا بڕیار ده‌ده‌م مافه‌كه‌ت بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌ و‌ سه‌ربه‌رزانه‌ به‌رامبه‌رم دابنیشه،‌ من و تۆ دوو كه‌سین و خوا خه‌ڵقی كردووین."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، بارزانی نه‌مر زۆر ڕێز و ته‌قدیری بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان هه‌بوو، ده‌یگوت ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان دێت بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بیكه‌ین، بارزانی هه‌میشه‌ دژی شه‌ڕ بوو، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستدرێژیی دوژمنیشی قبووڵ نه‌بوو، ڕێنماییی به‌رده‌وامی بۆ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه ‌بوو، ڕه‌فتار جوان بن له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌یان و هیچ كه‌س ئه‌زیه‌ت نه‌ده‌ن له‌ گونده‌كان".

به‌گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى مێژوونووسانى كورد و سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌ ناوخۆیى و بیانییه‌كان، بارزانی نەمر یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ى هه‌ڵكه‌وتووى كورد بووه‌، خه‌باتى كوردى له‌ بازنه‌ى ناوچه‌ییبوونه‌وه‌ كرده‌ خه‌باتى نیشتمانى و له‌ داخوازیى مافى سه‌ره‌تایى و مافى مرۆیى و كلتوورییه‌وه‌، داواكارییه‌كانى كوردى به‌رز كرده‌وه‌ بۆ ئاستى داواكاریى سیاسى و جووڵانه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردى له‌ نه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى سیاسى ڕزگار كرد و به‌ دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ‌16ی ئابى 1946دا داخوازییه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى كوردى له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى حزبێكى سیاسیى ڕێكخراودا ڕێك خست."

مسته‌فا بارزانی، ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، كوڕى شێخ محه‌ممه‌د بارزانییه‌ و له‌ گوندى بارزان له‌ 14ى ئازارى 1903 له‌دایك بووه‌، له‌ ته‌مه‌نى 3 ساڵیدا له‌ لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ له‌ دواى نسكۆى شۆڕشى بارزان، شێخ عه‌بدولسه‌لامى برا گه‌وره‌ى ده‌ستگیر كرا و مسته‌فا بارزانى و دایكیشى له‌ مووسڵ خرانه‌ زیندانه‌وه.

ماوه‌ى شه‌ش ساڵ له‌لاى چه‌ند مامۆستایه‌ك له‌ گوندى بارزان سه‌رقاڵى خوێندن بووه‌ و دواتر ڕووی كردووه‌ته‌ خوێندنى فیقهى ئیسلامى و ماوه‌ى چوار ساڵ زانسته‌ ئایینییه‌كانى خوێندووه‌ و دواتریش له‌ ماوه‌ى دوورخرانه‌وه‌ى بۆ سلێمانى هه‌وڵى ته‌واوكردنى خوێندنى داوه‌.

له‌ وێستگه‌كانى تێكۆشان و خه‌باتى مسته‌فا بارزانی، له‌ 1919 به‌شداری كردووه‌ له‌ جووڵانه‌وه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید له‌ سلێمانى و سه‌رپه‌رشتیى تیپێكى چه‌كدارى كردووه،‌ كه‌ ژماره‌یان 300 چه‌كدار بووه‌.  له‌ 1920دا شێح ئه‌حمه‌دى بارزان، برا گه‌وره‌ى، وه‌ك نوێنه‌ر ڕه‌وانه‌ى باكوورى كوردستانى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى شێخ سه‌عیدى پیران بكات و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ى بکات.

له‌ نێوان ساڵانى 1931 – 1932 سه‌رپه‌رشتیى هێزێكى بارزانییه‌كان ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌ میحوه‌رى مێرگه‌سۆر – شێروان له‌ به‌رامبه‌ر هێزى ئینگلیزه‌كان و له‌و شه‌ڕه‌دا به‌هۆى چابوكى و كارزانییه‌وه‌ ناوبانگێكى زۆرى به‌ده‌ست هێنا و توانى میحوه‌ره‌كه‌ى بپارێزێت.

له‌ 1934دا له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى و هه‌ندێك له‌ پیاوه‌كانیان ڕوویان كرده‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتى بكه‌ن و دواتر به‌هۆى وتوێژه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وكاته‌ى عێراقه‌وه‌ بۆ باشوورى عێراق دوور خرانه‌وه‌. دواتر گه‌ڕێندرانه‌وه‌ سلێمانى و ماوه‌ى 10 ساڵ به‌ دوورخراوه‌یى ژیانیان به‌سه‌ر برد.

له‌ 12ى ته‌مموز/ یۆلیۆى 1943دا به‌ هاوكاریى ڕێكخراوى هیوا توانى له‌ سلێمانى خۆی ده‌رباز بكات و بچێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

له‌ هه‌مان ساڵى 1943دا له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ناوچه‌ى بارزان و ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌ ده‌ورى كۆ بوونه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا 2000 چه‌كدارى خۆبه‌خش ئاماده‌ییان بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى ده‌ربڕى و توانیان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر زۆرینه‌ى بنكه‌كانى پۆلیسى ناوچه‌كه‌دا.

له‌ پایزى 1943دا حكوومه‌تى به‌غدا شاندێكى ڕه‌وانه‌ى بارزان كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى وتوێژ بكه‌ن و شه‌ڕ بوه‌ستێت و مسته‌فا بارزانیش مه‌رجى ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو، كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان و شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و دانوستان كۆتایى هات و حكوومه‌تى نوورى سه‌عید هه‌موو مه‌رجه‌كانى مسته‌فا بارزانىی جێبه‌جێ كرد.

له‌ 1943 – 1945 شۆڕشى بارزانى له‌دژى حكوومه‌تى عێراق كه‌ له‌لایه‌ن بریتانیاوه‌ پشتیوانیى لێ ده‌كرا سه‌ری هه‌ڵدا و له‌و جاره‌دا شۆڕش ناوچه‌یه‌كى فراوانترى كوردستانى گرته‌وه‌. له‌ 11ى ئایار/ مایۆى 1945دا بارزانى و پێشمه‌رگه‌كانى ڕوویان كرده‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

له‌ 22ى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایرى 1946 بارزانى له‌ ڕێوڕەسمی ڕاگه‌یاندنى كۆمارى كوردستاندا له‌ مهاباد به‌شداریى كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمارى كوردستان،‌ قازى محه‌ممه‌دەوە بارزانى كرایه‌ فه‌رمانده‌ى سوپاى كۆمارى كوردستان و پله‌ى جه‌نه‌راڵى سه‌ربازیى پێ به‌خشرا.

له‌ 16ى ئاب/ ئۆگستى 1946دا بارزانى پارتى دیموكراتى كوردستانى عێراقى دامه‌زراند و وه‌ك سه‌رۆكى پارته‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا و له‌ سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانى حزبدا كه‌ هه‌ندێكیان ئاماده ‌نه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكى پارتى هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

دواى نسكۆى كۆمارى كوردستان له‌ 1947 ڕۆیشتنى مێژوویى به‌ره‌و یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى جاران ئه‌نجام دا و بارزانى ئاماده‌ نه‌بوو خۆى ڕاده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى شاهه‌نشاییى ئێران بكات و خۆی 500 چه‌كدارى ڕوویان كرده‌ یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت و له‌و ڕۆیشتنه‌شدا ڕووبه‌ڕووى سوپاكانى عێراق و ئێران و توركیا بوونه‌وه‌. ڕۆژى 17ى حوزه‌یران/ یۆنیۆى 1947 بارزانى و یاوه‌ره‌كانى له‌ ڕووبارى ئاراس په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت.

له‌ یه‌كێتیى سۆڤیه‌تدا كه‌ ستالین سه‌رۆكى یه‌كێتییه‌كه‌ بوو، مامه‌ڵه‌یه‌كى توند له‌گه‌ڵ بارزانى و یاوه‌رانى ده‌كرا و دواى مردنى ستالین له‌ 1953دا هه‌ندێك ڕه‌وشى ژیانیان باش بوو. له‌ ڕووسیا، سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕینى 45 ساڵ له‌ ته‌مه‌نى، بارزانى له‌ ئه‌كادیمیاى زمانه‌كان له‌ مۆسكۆ ده‌ستی كرد به‌ خوێندنى ئابوورى و جوگرافیا و زانست و زمانى ڕووسی.

له‌ دواى شۆرشى چوارده‌ى ته‌مموزى 1958 بارزانى و یاوه‌ره‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق و له‌ به‌سره‌وه‌ تا هه‌ولێر جه‌ماوه‌ر پێشوازییان لێ كردن.

عه‌بدولكه‌ریم قاسم، سه‌رۆككۆمارى عێراق له‌ 7ى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1958 پێشوازیى له‌ بارزانى و یاوه‌رانى كرد.

له‌ 11ى ئه‌یلوولى 1961 تا 1975 بارزانى ڕابه‌رایه‌تیى گه‌وره‌ترین شۆرشى چه‌كدارى له‌ دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا كرد و شۆڕشه‌كه‌ى 15 ساڵى خایاند و تێیدا چه‌ندین ده‌ستكه‌وتى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ده‌ست هێنا.

له‌ 11ى ئازارى 1970 بارزانى و حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان ڕێك كه‌وتن و ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌ مێژووى كوردستاندا شۆڕشێكى كورد به‌ 9 ساڵ خه‌بات بتوانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ بۆ كورد به‌ده‌ست بهێنێت. له‌ 6ى ئازارى 1975 به‌هۆى ڕێككه‌وتنى سەد‌دام حوسێن و محه‌ممه‌دڕه‌زا شاى ئێران له‌ جه‌زائیر شۆڕشى ئه‌یلوول تووشى نسكۆ بوو و به‌و هۆیه‌وه‌ بارزانى و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشه‌كه‌ ڕێگه‌ى ئاواره‌ییان هه‌ڵبژارد.

له‌ دواى نسكۆى 1975 جارێكى دیكه‌ بارزانى چاودێرى و سه‌رپه‌رشتیی دانانه‌وه‌ى به‌ردى بناغه‌ى شۆڕشى كرد.

له‌ 1ى ئازار/ مارسى 1979 مسته‌فا بارزانى له‌ ئه‌مەریكا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچى دواییی كرد و له‌ 5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ شاری (شنۆ)ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌سه‌ر سنووری باشووری کوردستان و باكووری کوردستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاکی پیرۆزی کوردستان كرا.

دواى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991، ته‌رمى مسته‌فا بارزانى و ئیدریس بارزانى كوڕى، له‌ ئارامگه‌ى خۆیان له‌ شنۆوه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دایكبوونى و له‌ ناوچه‌ى بارزان به‌خاك سپێردرا.

له‌ ماوه‌ى ژیانیدا دوو جار مسته‌فا بارزانى له‌ هه‌وڵى تیرۆركرانى به‌ موعجیزه‌ ڕزگارى بووه‌، یه‌كێكیان له‌ 29ى ئه‌یلوولى 1971 و دووه‌میشیان له‌ 16ى ته‌مموزى 1972دا، به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكى كوردستان و پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگیریی كوردستان و درووستنه‌بوونى شه‌ڕ ڕێككه‌وتنى ئازارى 1970ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه‌.

عه‌زیز ڕه‌سووڵ