داواکاری گشتی: ھەرکەسێک بڕیارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا جێبەجێنەکات سزادەدرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەندامێکی داواکاری گشتیش دەڵێ، ئەوانەی سەرپێچی بڕیار و رێنمایەکانی حکوومەت بکەن بەپێی یاسا سزادەدرێن.

دکتۆر محەمەد رێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە کۆتا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران داوایان لە وەزارەتی داد کردووە لە رێگای داواکاری گشتیەوە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوکەسانە بکرێت کە سەرپێچی بڕیارەکانی حکوومەت دەکەن لە جێبەجێکردنی رێنمایی و بڕیارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە مافی گشتیەوە ھەیە، بەتایبەتی ئەو بڕیار و رێنمایانەی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیەوە دەرچوونە پەیوەستن بە مافی گشتی.

رێکانی دەشڵێت: "داواکاری گشتی نوێنەری خەڵکە و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەکات، بەپێی یاسای سزادان ماددەی٢٤٠ تێیدا ھاتووە ھەر کەسێک سەرپێچی رێنمایی و بڕیارەکانی حکوومەت بکات سزای بەدواوەیە، سزاکەش غەرامە و بەندکردنی تێدایە، ھەروەھا بەپێی یاسا ھەرکەسێک ببێتە هۆ و ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی یانیش کەسێک تووشی نەخۆشی بکات سزای خۆی ھەیە بەپێی یاسا.

ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی جەختی لەوەش کردەوە: "بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ ماددەی ٣٦٨ ئەوانەی دەبنە ھۆکاری بڵاو بوونەوەی نەخۆشی بەتاوان ھەژمار دەکرێت و سزاکەیان بریتیە لە سێ ساڵ زیندانیکردن، ھەروەھا ئەوانەیشی ڤایرۆسی کۆرۆنایان ھەیە و ناچنە نەخۆشخانە بەپێی یاسای سزادان ژمارە ٢٤٠ سزا دەدرێت، لەبەر ئەوەی دەبنە ھۆکاری ئەنجامدانی کاری بە ئەنقەست و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار.

دکتۆر محەمەد رێکانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ھەموو ئەو کەسانەی لە وڵاتی ئێران یان ھەر وڵاتێکی تر گەڕابێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بڕیاری حکوومەت ھەبێت بۆ کەرەنتیکردن و خۆیان رادەستی تیمەکانی تەندروستی نەکردبێت، ئەوە داواکاری گشتی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات، لەبەر ئەوەی ئەرکە خۆیان بە تیمەکان و لیژنەکانی تایبەتمەند بناسێنن بەپێچەوانەوە سەرپێچی یاسا ئەنجامدەدەن.

 

قائید میرۆ